ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا روو لە زیادبوونە

"دەبێت زۆر ئاگاداری ئەو خواردن و ئاوە بین کە بەکاریدەهێنین"

تەندروستی کەرکووک
تەندروستی کەرکووک

K24 - هەولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌ندروستی گشتی له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركووك ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە داخڵی نەخۆشخانە کراون زیادیان کردووە.

د. سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "رۆژانە ژمارەی تووشبووانی سکچوون و رشانەوە زیاد دەکات، تا ئێستا 55 حاڵەت داخڵی نەخۆشخانە بووە، هەموو نەخۆشەکان پشکنینیان بۆ کراوە و ئەوانەی کە نیشانەکانیان زۆر بە توندی لەسەر بووە دەرکەوتووە تووشی کۆلێرا بوون کە ژمارەیان 21 کەسە، ئەوانی دیکەش چاوەڕێی هاتنەوەی ئەنجامی پشکنینەکانین لە بەغدا".

سەبارەت بە رێنماییە تەندروستیەکان بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییە، د. سەباح گوتی: "دەبێت زۆر ئاگاداری ئەو خواردن و ئاوە بین کە بەکاریدەهێنین، چونکە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەن".  

لەلایەکی دیکەوە، لە نوێترین ئاماردا دەرکەوتووە کە 28 حاڵەتی کۆلێرا لە عێراقدا تۆمار کراوە، هاوکات هەریەک لە وەزارەتی تەندروستی عێراق و بەڕێوبەرایەتی تەندروستی بەغدا هۆشداریان داوەتە هاووڵاتیان تا پابەندی رێنماییەکان بن بە تایبەت ئاگاداری خواردن و خواردنەوەکان بن و پاکوخاوێنی رابگرن، چونکە پیسی و خواردن و خواردنەوەی ناتەندروست سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەن، هاوکات لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێدەکات کە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکانی بەغدا ئاژەڵی قوربانی سەردەبڕن، بەمەبەستی بنەبڕکردنی ئەو حاڵەتە و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی ده‌یان حاڵه‌تی تووشبوون نه‌خۆشی كۆلێرا له‌ پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ولێر و كه‌ركووك تۆماركراون و تیمه‌كانی به‌دواداچوونیش بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان به‌رده‌وامن و زۆربه‌ی گومانه‌كانیش خراونه‌ته‌ سه‌ر ئاودانی سه‌وزه‌ و شینایی به‌ ئاوی پیس، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێكاری پێویست گیراونه‌ته‌ به‌ر.