ئیلیزابێس تسۆرکوڤ: لە جورف سەخر زیندانی کرابووم

ئیلیزابێس تسۆرکوڤ، توێژەری ئیسرائیلی-رووسی کە پێشتر بارمتە بوو، ئاشکرای دەکات کەتائیب حیزبوڵڵا بۆ ماوەی چوار مانگ و نیوی سەرەتای دەستبەسەرکردنەکەی لە ماڵێکی خێزانی لە ناوچەی جورف سەخر لە باشووری بەغدا زیندانییان کردووە، جەختیش دەکاتەوە کە تاقیکردنەوەی راستەقینەی ئۆپەراسیۆنەکەی حکوومەتی عێراق ئەوەیە ئایا ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی مەدەنی یان نا.

تسۆرکوڤ، کە توێژەری باڵای نانیشتەجێیە لە پەیمانگای نیو لاینز بۆ ستراتیژی و سیاسەت، لە ئاداری 2023 لە بەغدا رفێندرا و بۆ ماوەی 903 رۆژ بە بارمتە گیرا، پێش ئەوەی لە ئەیلوولی 2025 دوای دانوستان و فشاری بەردەوامی ئیدارەی ترەمپ ئازاد بکرێت.

تسۆرکوڤ داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە ناوچەیەکی فراوانتر، لەوانەش شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەر، بۆ دۆزینەوەی «زیندانە نهێنییەکان»، «گۆڕە بەکۆمەڵەکان» و «کۆگاکانی چەک» بپشکنن و ماڵە دەستبەسەرداگیراوەکان بگەڕێننەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.

بە خەمڵاندنی ناوبراو، لە نێوان 120 هەزار بۆ 180 هەزار کەس لە قەزاکە و ناوچەکانی دەوروبەری ئاوارە بوون، دوای ئەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ساڵی 2014 هاوکار بوون لە دەرکردنی داعش، بەڵام رێگرییان لە گەڕانەوەی زۆرینەی دانیشتووانە سوننەکەی کرد.

تسۆرکوڤ گوتی: ئەگەر رێگە بە عێراقییەکان بدرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمە دەبێتە ئاماژەیەک بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت.

ئاماژەی بەوەش دا، ئۆپەراسیۆنەکە وەک هەڵمەتێکی دژەگەندەڵی نیشان دەدرێت، نەک هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی سەربازیی کەتائیب حیزبوڵڵا، چونکە ئەو گرووپە بنکەی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق هەیە و دەستی بە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران دەگات، ئەوەش وای لێدەکات بتوانێت چەکەکانی دابین بکاتەوە تەنانەت ئەگەر کۆنترۆڵی جورف سەخریش لەدەست بدات.

هەروەها مۆڵەتی گشتیی چەکداماڵین کە تا حوزەیرانی 2027 درێژ کراوەتەوە، بە «بە تەواوی ناواقیعی» وەسف کرد و گوتی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق پێویستیان بە چەندین ساڵ چاکسازییە تا بتوانن بە شێوەیەکی جێگیر رووبەڕووی میلیشیاکان ببنەوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای لێکۆڵینەوەیەکی رۆیتەرز دێت کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە و تێیدا بەرپرسانی عێراق کەتائیب حیزبوڵڵایان بە دزینی سەدان ملیۆن دۆلار لە نەوتی دەوڵەت لە ساڵی 2021ـەوە تۆمەتبار کردبوو. لەسەر ئەم دۆسیەیە حکوومەت نۆ بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕیی لەکار لادا و تۆمەتبارانی رەوانەی دادگا کرد، لە کاتێکدا میلیشیاکە ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک رەت دەکاتەوە.

تسۆرکوڤ لە ماوەی زیندانیکردنیدا لە سێ زینداندا بەرکەوتنی لەگەڵ نزیکەی 45 کەس هەبووە و دواتریش چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەندامانی پێشووی میلیشیاکان کردووە، پێکهاتەی رێکخراوەکە وا وەسف دەکات لە لایەنگرانی پابەند بە ئێران و گرووپێکی گەورەتریش لەو چەکدارانە پێکهاتووە کە بۆ مووچە، پێگە و دەسەڵات پەیوەندییان پێوە کردووە.

دەشڵێت، زۆربەیان دوای کۆتاییهاتنی شەڕە سەرەکییەکانی دژی داعش چوونەتە ناو میلیشیاکە و ئەوان نایانەوێت لە پێناو خزمەتکردنی ئێراندا بمرن. هەر بۆیە پێشنیازی کرد بەشێک لەو چەکدارانە بخرێنە ناو سوپای فەرمیی عێراقەوە لە ژێر فەرماندەیی سەربەخۆدا، تاکو هەم دەرفەتی کاری جێگرەوەیان هەبێت و هەم پێکهاتەی فەرماندەیی ئێستایان هەڵبوەشێتەوە.

لە کۆتاییدا، تسورکۆڤ گومانی خۆی نیشان دا لە جددیەتی ئۆپەراسیۆنەکە و جەختی کردەوە کە پێوەری سەرکەوتن تەنیا چوونی سوپا نییە بۆ ناوچەکە، بەڵکو گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەدەنییە و گوتی: یان دەوڵەت لەوێیە و خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە، یان نا.

لە مانگی ئایاری ساڵی 2023، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رایانگەیاند، "ئیلیزابێس تسورکۆڤ  لە عێراق بێسەروشوێن بووە، لەلایەن گروپی چەكداری حزبوڵای عێراقیەوە کە ئێران پاڵپشتی دەكات، دەستبەسەر کراوە".