لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە گوندێکی سلێمانی 500 درەخت سووتان

هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە نەزاندراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە

ئاگرکەوتنەوەوە لە گوندی بێستانسوور
ئاگرکەوتنەوەوە لە گوندی بێستانسوور

K24 - هەولێر:

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە گوندی بێستانسووری سەر بە ناحیەی عەربەتی پارێزگای سلێمانی نزیکەی 500 درەخت لە جۆری (بی و چنار) سووتان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی تەممووزی 2022، لە راگەیەندراوێکیدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە "دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت لە گوندی (بێستانسوور) ئاگرێک کەوتووەتەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی تانجەرۆ بۆ شوێنی ناوبراو دەرچوون، هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە نادیارە، کە بووەتە هۆی سوتانی نزیکەی (500) داری بی و چنار.

ئاگرکەوتنەوەوە لە گوندی بێستانسوور
ئاگرکەوتنەوەوە لە گوندی بێستانسوور

پۆلیس بەمەبەستی دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە، بە بڕیاری دادوەر، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

ئاگرکەوتنەوەوە لە گوندی بێستانسوور
ئاگرکەوتنەوەوە لە گوندی بێستانسوور

 

لەماوە هەفتەیەکدا، ئەمە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پێشتر لە رۆژی 27ی حوزەیرانی رابردوودا، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند "بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێکی فراوان لە سنوری گوندی (کانی سارد)ی ناحیەی سیتەك کەوتەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك گەیشتنە شوێنی مەبەست و بە هاوکاری بنکەی ئاگر کوژێنەوەی سیتەك توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، کە بەهۆیەوە نزیکەی شەش دۆنم پووش و پاوەن و رەز و باخی هاوڵاتیان سووتان".