لە کەرکووک گەنجێکی کورد کوژرا
یەکێکی دیکەش بریندارکرا

K24 – کەرکووک
لە ئەنجامی شەڕی نێوان چەند گەنجێک لە شاری کەرکووک، گەنجێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە رێگەی پشتێنەی كەركووك لە نزیك بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی كەركووك، كە ئێواران تادرەنگانی شەو شوێنی كۆبوونەوەی مەیخۆرانە، شەڕ لەنێوان چەند كەسێك دروست بوو، لە شەڕکەدا چەك و چەقۆ بەكارهێنراوە و لەئەنجامدا گەنجێك بەفیشەك کوژرا و كەسێكی دیكەش بە چەقۆ بریندار کرا".
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پۆلیسی كەركووك بە كوردستان24ی راگەیاند: "شەڕەكە سەرەتا لە دەمەقاڵەی نێوان ئەو گەنجانە روویداوە، دواتر گەورە بووەتەوە و چەكی تێدا بەكارهێنراوە".
گوتیشی: "ئەو گەنجەی بە فیشەك كوژراوە كارمەندی هێزەکانی دژەتیرۆری سلێمانییە و خەڵكی گەڕەكی پەنجا عەلی كەركووكە، بریندارەكەش كە چەقۆی بەركەوتووە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستی جێگیرە".
