دیارترین كاندیدهكانی جێگرهوهی جۆنسۆن ئهمانهن
K24 – ههولێر:
هەروەک چۆن قەیران لە دوای قەیران لە چەند مانگی رابردوودا بۆریس جۆنسۆنی گرتووهتەوە، بە هەمان شێوە رکابەرەکانی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە پلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەی جێگەی بگرنەوە.
لەدوای ئەو ئابڕوچوونهی بەناوی “پارتیگەیت” لەسەر گردبوونەوە نایاساییەکان، کە لە شهقامی داونینگ دژی كهرهنتینهی کۆرۆنا بەڕێوەچوو، چەند ئەندامێکی باڵای کابینەی جۆنسۆن بە هێمنی دەستیان کرد بە ئامادەکاری بۆ کێبڕکێی سەرکردایەتی داهاتوو، پەیوەندییان بە ئەندامە کاریگەرەکانی پەرلەمان و ئەو خێرخوازانە كرد کە دەتوانن پاڵپشتی هەڵمەتەکانیان بكهن.
جۆنسۆن لە 6ی حوزەیران لە دەنگدانی متمانە رزگاری بوو، بەڵام زیاتر لە 40%ی پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران رایانگەیاند، کە متمانەیان بە توانای حوکمڕانییەکەی لەدەستداوە.
نزیکەی 60 پهرلهمانتار و بەرپرسانی حکومەت دەستیان له كار كێشایهوه، لە کۆتاییدا جۆنسۆنیان ناچار کرد بە بێ ئیرادەیی رۆژی پێنجشەممە رایبگەیەنێت، کە دەست لەکار دەکێشێتەوە.
ئێستا بەهۆی ئەوەی حکومەت لە دۆخێکی خراپدایە، بەشێکی زۆری بەریتانیا خەریکی قسەکردنن سەبارەت بە جێگرهوهی. هەر کاندیدێک کە خۆی بۆ سەرکردایەتی کاندید بکات، بە خولێکی دەنگداندا تێدەپەڕێت لەلایەن پەرلەمانتارانی پارێزگارانەوە تاوەکو تەنها دوو کەس دەمێنێتەوە. لەو کاتەدا ئەندامانی پارتی پارێزگاران لە سەرانسەری وڵاتدا دەنگ دەدەن. براوەی سەرۆکی نوێی پارتەکە دەبێت و دهبیت به سەرۆک وەزیران.
ریچی سوناك:
راوێژکاری پێشوو بۆ چەند مانگێک جێنشینی جۆنسۆن بوو دوای ئەوەی ستایشی بەدەستهێنا بەهۆی سەرپەرشتیکردنی وەڵامدانەوەی دارایی سەرەتایی بەریتانیا بۆ پەتای كۆرۆنا.
بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵدا پشكەكەی سوناك نزمبووەوە، دوای ئەوەی ئاشكراكرا كە هاوسەرەكەی لە بەریتانیا پێگەی باجی نا نیشتەجێبوونی هەیە و ههروهها لەكاتی خزمهتكردن وهك وەزیر كارتی سەوزی ئەمریكای هەبووە.
هەروەها لە چەند هەفتەی رابردوودا ناوبانگەکەی لێدانێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، چونکە بەریتانیا تووشی قەیرانی گرانی تێچووی ژیان بووە. سوناک ههوڵی داوه هەڵاوسانی دارایی دابەزێنێت و لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە رەخنەی لێگیراوە كه زنجیرەیەک ڕێوشوێنی دارایی خاو و ناتەواوی گرتووهته بهر.
بەڵام هێشتا لەنێو ئەو كاندیدانهیه، كه دەتوانن کارەکەی جۆنسۆن وەربگرن.
ساجید جاڤید:
ئەو پەرلەمانتارە سکرتێری پێشووی تەندروستییه و لە رابردوودا دوو جار خۆی بۆ سەرکردایەتی پارتەکە کاندید کردووە. لە ساڵی 2016، دوای ریفراندۆمی برێگزیت، و لە ساڵی 2019، کاتێک جۆنسۆن لە کۆتاییدا هەڵبژێردرا.
لیز ترۆس:
وەزیری دەرەوە کە لە ساڵانی رابردوودا ئارهزووی سەرکردایەتی خۆی ئاشکرا کردووە.
تیمێکی دڵسۆزی لە دەوری هەیە کە ڤیدیۆ و وێنەی ورد بەرهەم دەهێنن کە بە تەواوی وەک كهسێكی دڵسۆزی دهوڵهت دەردەکەوێت. هەوڵی داوە وهك مارگریت تاتچەر سەرۆک وەزیرانی پێشوو دهركهوێت، هەروەها رۆڵی لە بەرامبەر وەڵامدانەوەی لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ههبووه، ناوبانگی له ناو خهڵكدا بەرزتر کردووەتەوە.
پێنی مۆردۆنت:
وەزیری بازرگانی یەکێکە لەو كهسانهی كه چانسی باشی ههیه بۆ ئەوەی جێگەی جۆنسۆن بگرێتەوە. مۆردۆن بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010 چووە پەرلەمان و دواتر لە سەردەمی تێریزا مەی پەیوەندی بە کابینەی حکومەتەوە کرد و وەک سکرتێری گەشەپێدان و بەرگری نێودەوڵەتی کاری کرد.
تۆم توگێندهات:
تۆم توگندهات، ئەفسەرێکی پێشووی سەربازی بەریتانی بووە و سەرۆکایەتی لیژنەی هەڵبژێردراوی کاروباری دەرەوە دەکات، یەکێک بووە لە رەخنەگرە بەهێزەکانی جۆنسۆن و ههمیشه به ئاشكارایی خواستی بوون بە سەرۆک وەزیران دهربریوه.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پارێزگاران هەڵمەتی خۆی بۆ بوون بە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی وڵات دەستپێكرد.
دوای ئەوەی لە شەڕی عێراق و ئەفغانستاندا خزمەتی کردووە، لە ساڵی 2010 چووەتە پەرلەمان.
نازم زەهاوی:
کەمتر لە دوو ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی له پۆستی راوێژکاری و لە شوێنی سوناک، نازم زەهاوی بە ئاشکرا داوای لە جۆنسۆن کرد دەست لەکار بکێشێتەوە. لە بەیاننامەیەکدا لە تویتەر "کارێکی دروست بکە و ئێستا بڕۆ".
زەهاوی تا پلە بەرزبوونەوەی، كە كەمتر لە ساڵێك لەمەوبەر پەیوەندی بە كابینەی حكوومەتەوە كرد، سەرهەڵدانی لە سەردەمی جۆنسۆندا خێرا بووە، بە سەرکەوتنی زوو وەک وەزیری ڤاکسینەکان لەناو پەتای کۆرۆنادا و دواتر وەک وەزیری پەروەردە، جێپەنجەی خۆی تۆمارکردووە.
زەهاوی لە نێو میانڕەوەکانی ناو ئەو پارتەدا ڕیزلێگیراوه. زەهاوی لە عێراق لە دایک و باوکی کورد لەدایکبووە و لە تەمەنی 9 ساڵیدا هاتۆتە بەریتانیا، کاتێک بنەماڵەکەی لە دەسەڵاتی سەدام حسێن هەڵهاتن. یەکێکه لە دەوڵەمەندترین سیاسەتمەدارانی ئەنجومەنی گشتی پهرلهمان و یارمەتی دامەزراندنی کۆمپانیای دەنگدانی YouGov داوە.
جێرمی هانت:
جێرمی هانت وەزیری پێشووی تەندروستی و دەرەوە بوو، دەنگی سەرکردایەتی ساڵی 2019ی لەدەستدا بە جۆنسۆن. لەو کاتەوە خۆی وەک چارهسهر بۆ جۆنسۆن نیشانداوه بێ گومان بەرزترین پاڵێوراوە لە لایەن پارتەکەی.
لە بەیاننامەیەکدا لە تویتەر پێش دەنگدانی متمانە لە مانگی حوزەیران، هانت وتی: "هەرکەسێک پێی وایە وڵاتەکەمان بەهێزتر و دادپەروەرتر و ئاوەدانترە کاتێک پارتی پارێزەران سەرکردایەتی دەکات، پێویستە رەنگدانەوەی ئەوە بێت کە ئەنجامی نەگۆڕان دەبێتە رادەستکردنی وڵاتەکە بە کەسانی دیکە کە هاوبهشی ئەو بەهایانە نین، بڕیاری ئەمڕۆ له نێوان گۆڕانکاری بێت یان دۆڕان. من دەنگ بە گۆڕانکاری دەدەم."