دادگایەکی ئەمەریکا سزای بکوژی جۆرج فلۆیدی دیاری کرد
چارەنووسی ئەو پۆلیسەی جۆرج فلۆیدی کوشت چی دەبێت؟

K24 - هەولێر:
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کەیسی کوژرانی جۆرج فلۆید، دواجار دادگایەکی ئەمەریکا سزای بکوژی جۆرج فلۆیدی دەستنیشان کرد.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "BBC"، دێرک شۆڤن (تەمەن 46 ساڵ)، ئەو پۆلیسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی جۆرج فلۆید لەلایەن دادگایەکی ئەمەریکاوە سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

شۆڤن-ی سپی پێست، لە ویلایەتی مینیسوتا بە تۆمەتی کوشتن و کوشتنی بە ئەنقەست سزا درا بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 9 خولەک ئەژنۆی لەسەر ملی فلۆید دانابوو.

پێشبینی دەکرا سزای بکوژی جۆرج فلۆید لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵ زیندانیکردن بێت، تا رۆژی 7ـی تەمووز دادگا سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، دوای ئازادکردنیشی 5 ساڵ لەژێر چاودێریدا دەبێت.
هاووڵاتی ئەمەریکی، جۆرج فلۆید لە ئەنجامی دەستبەسەرکردنی دڕندانە لەلایەن پۆلیسەوە لە شاری مینیاپۆلیس لە ویلایەتی مینیسوتا لە 25ـی ئایاری 2020 کوژرا، بەهۆیەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایی لە دژی رەگەزپەرستی و توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان سەریهەڵدا.
دوو پزیشکی دادی سەربەخۆ بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید، لەلایەن خێزانەکەی فلۆیدەوە راسپێردران، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت "جۆرج فلۆید، بەهۆی خنکان گیانی لەدەستداوە، خنکانەکەشی بەهۆی بوونی پاڵەپەستۆیەک بووە لەسەر مل و پشتی، ئەمەش رێگربووە لەوەی خوێن بەرەو مێشکی بچێت، بۆیە توانای هەناسەدانی لەدەستداوە".