جێگری نێرده‌ی UN له عێراق گۆڕا
"پێشتر وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له كه‌مپێكی فه‌له‌ستینی له لوبنان تا ساڵی 2017 كاری كردووه"
K24 – هه‌ولێر:
سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (كڵاودیۆ كۆردۆنی)، وه‌ك جێگری نێرده‌ی UN له عێراق ده‌ستنیشان ده‌كات.
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرش، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له میانی راگه‌یه‌ندراوێكدا كڵاودیۆ كۆردۆنی، وه‌ك جێگری جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی UN له عێراق ده‌ستنیشانكرد.
گۆتێرش له راگه‌یه‌ندراوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كۆردۆنی به ره‌گه‌ز ئیتاڵی وه‌ك جێگری پلاسخارت بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن له عێراق، له شوێنی خاتوو ئینگیبێۆرگ سولرون، به‌ره‌گه‌ز ئایسله‌ندی، دیاریكرا.
ناوبراو ئه‌زموونی 35 ساڵه‌ی له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مافی مرۆڤدا هه‌یه، پێشتر وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له كه‌مپێكی فه‌له‌ستینی له لوبنان تا ساڵی 2017 كاری كردووه.
كۆردۆنی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی یاسایه له زانكۆی ساپینزا له رۆما، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ریشه له توێژینه‌وه عه‌ره‌بییه‌كان له زانكۆی جۆرج واشنتن، به زمانه‌كانی ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی، ئیتاڵی و عه‌ره‌بی قسه ده‌كات.