لە ئیستانبوڵ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا تاووتوێ دەکرێت

"زیاتر لە 20 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە سایلۆکانی ئۆدیسا ماوەتە"

هه‌نارده‌ی بەروبوومی ئۆکرانیا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
هه‌نارده‌ی بەروبوومی ئۆکرانیا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ شاندی سەربازی رووسیا، ئۆکرانیا و تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیایە لە بەندەری ئۆدیسا کە کەوتووەتە سەر دەریای رەش. 

بە هۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرنیا، نرخی دانەوێڵە، رۆنی چێشتلێنان، سووتەمەنی و پەیین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە. لەو کاتەوە بە مەبەستی هەناردەکردنی بەشێک لە بەرهەمەکانی ئۆکرانیا، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی نێوەندگیر دەبینن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد، بە شێوەیەکی جددی کار لەسەر دووبارەی هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکەن، بەڵام کاری زۆریان ماوە تەواوی بکەن و بەهیوان بگەنە ئەنجام.

هەر یەکە لە رووسیا و ئۆکرانیا دوو گەورەترین هەناردەکاری گەنمن لەسەر ئاستی جیهان، هەروەها رووسیا یەکێکە لە هەناردەکارە گەورەکانی پەیین، ئۆکرانیاش هەناردەکارێکی سەرەکی رۆنی چێشتلێنان و زەیتی گولەبەڕۆژەیە. جەنگی نێوان هەردوو وڵاتیش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر جیهان هەبووە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 20 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە سایلۆکانی ئۆدیسا پەکیان کەوتووە.