بایدن: کۆتا رێگەی ئەمەریکا بۆ وەستاندنی ئێران بەکارهێنانی هێزە

"ئێران نابێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی"

K24 - هەولێر:

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، پێیوایە دانووستان لەگەڵ ئێران "باشترین" رێگەیە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و دووپاتی کردەوە کە کۆتا رێگەی حکوومەتەکەی بۆ وەستاندنی ئێران لەو کارە، "بەکارهێنانی هێزە".

سەرۆکی ئەمەریکا چەند کاتژمێر پێش لە دەستپێکردنی گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیمانەیەکی لەگەڵ کەنال ١٢ی ئیسرائیل کرد. ئەو دیمانەیە کاتێک کە جۆو بایدن گەیشتە تەلئەڤیڤ، بڵاو کرایەوە. 

بایدن، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمەریکا بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، هێز بەکاردەهێنێت؟ گوتی: "وەک دوا رێگە، بەڵێ". هاوکات جەختی لەوە کردەوە "ئێران نابێت ببێتە خاون چەکی ئەتۆمی".

ساڵی 2015 رێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا، چین و ئەڵمانیا) واژوو کرا. لەو رێککەوتنەدا، باس لە سووککردنی سزاکانی سەر ئێران و پێشگرتنی لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی کراوە. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئەو رێککەوتننامەیەی هەڵوەشاندەوە و جۆو بایدن لە دیمانە نوێیەکەدا لەوبارەیەوە دەڵێ :ئەمە هەڵەیەکی گەورەی ترەمپ بوو.

جۆو بایدن سەبارەت بەو رێککەوتننامەیە گوتی: دەبێت ئەو رێککەوتنە زیندوو بکرێتەوە، چونکە ترسناکترین شت لە دەرچوونی ئێران لە رێککەوتنەکە، ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمییە.

بایدن، ئاماژەی بەوەشدا، "سوپای پاسداران"ی ئێران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی ئەمەریکادا دەهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر کاریگەری نەر‌ێنی لەسەر پرۆسەی دانووستان و زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی هەبێ.