ژن و پیاوێک لە شاوێس کوژران
پیاوەکە بە چەقۆ لە ژنەکەی داوە
K24 – هەولێر:
ئەمڕۆ هەینی 15ـی تەمووزی 2022، لە کۆمەڵگەی شاوێس-ی پارێزگای هەولێر ژن و پیاوێک کوژران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان: "دەمەقاڵە لەنێوان ژن و پیاوەکە روویداوە، لەو کاتەدا پیاوەکە بە چەقۆ لە ژنەکەی دەدات و گیانی لەدەستداوە، دواتر چەقۆیەک لە قاچی خۆی دەدات خۆیشی تووشی خوێنبەربوون بووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
پۆلیسی هەولێریش لە روونکردنەوەیەکدا هەواڵی کوشتنەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، دوای گەیشتنی هێزەکانمان دەرکەوت کەوا دوو هاوسەر بەناوەکانی (نهاد سعید مستەفا) و (اخلاس فازل خورشید) بە چەقۆ کوژراون.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کەوا هەردووکیان لەسەر کێشەیەک لە نێوان خۆیان دەبێتە دەمەقاڵیان و پیاوەکە بەچەقۆ هاوسەرەکەی دەدات و دواتر چەقۆکە بەر ڕانی خۆی دەکەوێت و تووشی خوێن بەربوون دەبێت و هەردووکیان لە شوێنی رووداوەکە گیان لەدەستدەدەن.
پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند، "تەرمەکان رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی کراون ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین بۆ گەیشتن بە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە و لە ئایندەیەکی نزیکدا زانیاری زیاتر دەخەینەڕوو".