ئەمڕۆ تەرمی عەلی قازی دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان

بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمیی کوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر پێشوازی له‌ ته‌رمه‌كه‌ی ده‌كرێت

عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەمەد
عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەمەد

K24 - هه‌ولێر:

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی عەلی قازی لە ئەڵمانیاوە لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنرێتەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە تەرمی عەلی قازی دەکرێت.

بڕیارە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، تەرمی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد، لە هەولێرەوە بەرەو شارۆچکەی کەلار بەڕێبکرێ و لە گۆڕستانێکی ئەو شارۆچکەیە بە خاک بسپێردرێ.

پێشتر پارێزگاری هەولێر رایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندی داوە بۆ ناشتنی تەرمی عەلی قازی لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام دواتر ئەو کارە نەکرا.

بەرپرسانی ئێرانی بنەماڵەی "قازی"یان لە مهاباد ئاگادارکردبووەوە کە نابێ مەراسیمی پرسە بەڕێوە بچێت. ئەو داوایە لە لایەن کەسە نزیکەکانی عەلی قازی قبووڵ نەکرا، هەر بۆیە بڕیار درا لە کەلار بەخاک بسپێردرێ.

عەلی قازی، لە ساڵی 1933 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان له‌دایكبووه‌. لە کاتی رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەددا تەمەنی 13 ساڵ بووە. چەند ساڵێک پاش رووخانی کۆماری کوردستان رووی کردووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێ بووه‌.

لە ساڵانی رابردووودا گەڕایەوە باشووری کوردستان و بوو بە سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان.

عەلی قازی پاش ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە وازی لە سەرۆکایەتیی ئەو پارتە هێنا، دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەڕایەوە ئەڵمانیا و سەرلەبەیانیی رۆژی 10/7/2022، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

 

Fly Erbil Advertisment