سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا بارودۆخی سیاسی عێراق تاوتوێ دەکەن
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەكات

K24 – هەولێر
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق-یان تاوتوێکرد.
بارەگای بارزانی،بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی تەمموزی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئێریك شوڤالییێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا كە ئۆلیڤییە دێکۆتینی كونسوڵی فەرەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی تازە تاوتوێكران".
ئاماژە بەوەشکراوە: "هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی شنگال و گوزەرانی ئاوارەكان و پێویستیی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال خرایە بەر باس و گفتوگۆ. لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا رۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی كورد لە سووریا و نیگەرانییەكان لەمەڕ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان خرانەڕوو".
بارەگای بارزانی، راشیگەیاندووە: "لەو دیدارەدا وێڕای ئاماژەپێدان بە دوایین گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك ماكرۆن، جەخت لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان حكومەتی فەرەنسا و حكومەتی هەرێمی کوردستان كرایەوە".
