مسته‌فا كازمی بڕیاریدا
"عێراق هه‌ڵوێستی سیاسی و مه‌یدانی له ئاستی جیاواز بۆ به‌رگریكردن له سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی ده‌گرێته‌به‌ر"
K24- به‌غدا:
مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق كۆبوویه‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا عێراق هه‌ڵوێستی سیاسی و مه‌یدانی له ئاستی جیاواز بۆ به‌رگریكردن له سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی بگرێته‌به‌ر.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا، كازمی هه‌ریه‌ك له به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار، محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، نووری مالیكی سه‌رۆكی حزبی ده‌عوه، فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، هادی عامری سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در، فالح فه‌یاز راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق و ژماره‌یه‌كی دیكه سه‌ركرده‌ی دیاری عێراقی بانگهێشت كردبوو.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا، عێراق له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سكاڵا له‌سه‌ر توركیا تۆمار بكات.
دوێنی به‌هۆی تۆپبارانكردنی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، نۆ كه‌س شه‌هیدبوون و 29 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، جیا له‌وه‌ش چه‌ندین به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی له‌مباره‌یه‌وه ده‌ركران، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌م پرسه كۆده‌بێته‌وه.