ئەمەریکا سزای نوێی بەسەرحزبوڵڵا و ئێراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری"دا، سزای نوێی بەسەر کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی لوبنانی و تۆڕێکی گواستنەوەی زێڕ و پارەی نەختینەی سەر بە حزبوڵڵای لوبنان و فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاند کە لە لوبنان و تورکیاوە چالاکی دەکەن.

چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سامانە بیانییەکان (OFAC) لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەم سزایانە بە گوێرەی فەرمانی جێبەجێکاریی ژمارە 13224ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکراون، بە مەبەستی پەکخستنی سەرچاوە داراییە نایاساییەکانی حزبوڵڵا لە کاتێکدا ئەو گرووپە بەرەنگاری گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەبێتەوە بۆ چەکداماڵین.

لەم بارەیەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گوتی: "هەوڵەکانی ئێران بۆ پێشێلکردنی سەروەریی لوبنان لە رێگەی بریکارە تیرۆریستییەکانی وەک حزبوڵڵاوە قبووڵ ناکرێن، و حکوومەتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە تێکشکاندنی هەوڵەکانی تاران بۆ فراوانکردنی هەژموون و پارەدارکردنی بریکارەکانی لە ناوچەکەدا."

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمەڵەی "وتعاونوا" (Wa Ta'awanu Association) و دامەزرێنەر و سەرۆکەکەی عەفیف عەبدولڕەزا شۆماندا سەپاندووە. وەزارەتی گەنجینە روونی کردووەتەوە، ئەو کۆمەڵەیە لە باشووری لوبنان بە ناوی خزمەتگوزاریی مرۆیی و فریاگوزارییەوە کار دەکات، بەڵام پارەی بەخشەرانی دەرەکی دەگوازێتەوە بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانی حزبوڵڵا.

هاوکات دوای ئەوەی لە تەممووزی 2026دا لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان ئەمەریکا، لوبنان و ئیسرائیلدا سوپای لوبنان چووە نێو ناوچەکانی پێشووی ژێر دەستی ئیسرائیل بۆ دڵنیابوونەوە لە نەمانی چەک و چەکداری حزبوڵڵا، ئەو کۆمەڵەیە بە راسپاردە و هەماهەنگیی عەفیف شۆمان بووەتە پەردەپۆش بۆ چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا و رێگر بووە لە چەکداماڵین و هەوڵەکانی حکوومەتی لوبنان بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە.

هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، واشنتن سزای بەسەر تۆڕێکی قاچاخچێتیی زێڕ و پارەی سەر بە حزبوڵڵا و فەیلەقی قودسی سوپای پاسداراندا سەپاندووە، کە هەریەکە لە بازرگان و ئاڵوگۆڕکاری دراوی لوبنانی حەسەن خەشەن و براکەی بە ناوی ئیبراهیم خەشەن، لەگەڵ کۆمپانیای گۆڵد گڵۆباڵ (Gold Global Company) لە لوبنان و کۆمپانیای سەنکاری گۆڵد (Sankari Gold Kuyumculuk Ticaret Limited Sirketi) لە تورکیا دەگرێتەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، حەسەن خەشەن و ئیبراهیم خەشەنی برای بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی دارایی حزبوڵڵا بڕێکی زۆر پارەیان لە فەیلەقی قودسی ئێرانەوە بۆ لوبنان گواستووەتەوە. حەسەن خەشەن لە رێگەی کۆمپانیای گۆڵد گڵۆباڵ و نێردراوی تایبەتەوە پارەی نەختینەی لە وڵاتانی ترانزێتەوە گەیاندووەتە لوبنان، هەروەها لە رێگەی کۆمپانیای سەنکاری گۆڵد لە تورکیا کە خۆی کۆنترۆڵی دەکات، هاوکاریی گواستنەوەی قاڵبی زێڕ و پارەی نەختینەی لە ئەفریقاوە بۆ حزبوڵڵا کردووە.

ئیبراهیم خەشەنیش لە هەمان تۆڕدا کاری کردووە و پەیوەندیی بەو نێردراوەوە هەبووە کە لە شوباتی 2025دا لە فڕۆکەخانەی بەیرووت بە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری نەختینەوە لە جانتای دەستیدا دەستگیر کرابوو.

سەبارەت بە سزا و لێکەوتە یاساییەکان، بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، سەرجەم موڵک، سامان و بەرژەوەندییە داراییەکانی ئەو شەش کەس و لایەنە لە ئەمەریکا یان لە ژێر دەستی هاووڵاتی و کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا دەستیان بەسەردا دەگیرێت و سڕ دەکرێن، هەروەها هەر دامەزراوەیەکی دیکەش کە بە رێژەی 50% یان زیاتر خاوەندارێتییەکەی بۆ ئەوان بگەڕێتەوە دەخرێتە لیستی بلۆککراوەکانەوە.

هەموو جۆرە مامەڵەیەکی دارایی، بازرگانی و پێدانی پارە و کەلوپەل لەگەڵیاندا قەدەخە دەکرێت و سەرپێچیکاران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا رووبەڕووی سزای مەدەنی و تاوانکاری دەبنەوە لەگەڵ دابینکردنی پاداشت بۆ هەواڵدەرانی پێشێلکاریی سزاکان.

هاوکات هەر دامەزراوە و بانکێکی بیانیش کە بە ئاگادارییەوە مامەڵەی گەورەیان لەگەڵدا بکات یان کارئاسانییان بۆ بکات، رووبەڕووی سزای لاوەکی و رێگریکردن لە هەژمارە بانکییەکانیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەبنەوە.