یۆنامی: مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە کۆڵەکەی دیموکراسییە

"زۆر گرنگە خۆپیشاندانەکان بە ئاشتیانە و پابەندبوون بە یاسا بمێننەوە"

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغدا (27ـی تەمووزی 2022)، وێنە: AFP
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغدا (27ـی تەمووزی 2022)، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق له‌ باره‌ی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بەغدا کە دژی کاندیدی سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو رایگەیاند، مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە کۆڵەکەی دیموکراسییە.

یۆنامی لە تویتێکدا سەبارەت بە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغدا نووسیویەتی: "مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە کۆڵەکەی دیموکراسییە. بەڵام شانبەشان بێت لەگەڵ رێزگرتنی دامودەزگاکانی حکومەت و موڵکی گشتی و تایبەت. زۆر گرنگە خۆپیشاندانەکان بە ئاشتیانە و پابەندبوون بە یاسا بمێننەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی تەمووز)، لە بەغدا دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

رۆژی 25ی ئەم مانگە، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکان رایگەیاند، کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەوەش جمووجۆڵە سیاسییەکان لە عێراقدا کەوتنە قۆناغێکی نوێوە.