دیموکراتەکان حەکیم جێفریزیان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کاندید کرد

ئەندامانی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بە فەرمی حەکیم جێفریزیان بەبێ رکابەر بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کاندید کرد؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە باڵی پێشکەوتنخوازی ناو پارتەکەی نیگەرانییان لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر سیستەمی تەندروستی و هاوکارییەکانی ئیسرائیل دەربڕیوە.

چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەندامانی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمەریکا،بە فەرمی حەکیم جێفریزیان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کاندید کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێکردنی خولی نوێی کۆنگرێس لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەستبەکار بێت؛ بەمەش ناوبراو دەبێتە یەکەم سیاسەتمەداری رەشپێست لە مێژووی ئەمەریکادا کە ئەو پۆستە باڵایە وەربگرێت.

حەکیم جێفریزی تەمەن 56 ساڵ، کە لە ساڵی 2023ەوە سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان بووە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی پارتەکەیدا بەبێ بوونی هیچ رکابەرێکی دیکە کاندید کرا؛ هاوکات دیموکراتەکان تێد لیۆ، ئەندامی کۆنگرێس لە ویلایەتی کالیفۆرنیایان وەک سەرۆکی فراکسیۆنی دیموکراتەکان هەڵبژارد.

لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لەلایەن دیموکراتەکانەوە دوای سەرکەوتنە گەورەکەیان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا کە تێیدا لانیکەم 257 کورسییان لە ئەنجوومەنی نوێنەران مسۆگەر کرد و ئەمەش گەورەترین زۆرینەیانە لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەی رابردووداچاوەڕوان دەکرێت جێفریز ببێتە دیارترین رکابەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوو ساڵی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەیدا بۆ لێپرسینەوە و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی. جێفریز دەبێتە یەکەم دیموکرات لە دوای نانسی پیلۆسی کە ئەم پۆستە وەربگرێت، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ خانەنشین ببێت.

سەرەڕای ئەوەی هیچ کاندیدێک لە بەرامبەریدا وەستانەوە نەبوو، بەڵام جێفریز رووبەڕووی نیگەرانیی بەشێک لە باڵی پێشکەوتنخوازی ناو پارتەکەی بووەتەوە، کە پێیان وابوو ناوبراو لە پرسی سیستەمی تەندروستیی گشتی و هەڵوێستی بەرامبەر هاوکارییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا لاواز بووە.

هەرچەندە جێفریز لەم دواییانەدا پشتگیریی لە فراوانکردنی بیمەی تەندروستی و داواکردنی "گۆڕانکاریی بنەڕەتی" لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا کردووە، بەڵام پەرلەمانتاری تازەهەڵبژێردراو دۆن لیۆنارد رەتی کردەوە دەنگی پێ بدات بەهۆی نەبوونی بەڵێنێکی روون بۆ بڕینی هاوکارییەکانی ئیسرائیل.