چوارچێوەی هەماهەنگی: سوورین لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرۆک وەزیران

"حکومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێکدەهێنین"

محه‌مه‌د شیاع سودانی، کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق
محه‌مه‌د شیاع سودانی، کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، سوورن لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و حکومەت بەسەرۆکایەتی ئەو پێکدەهێنن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە (28ی تەمووزی 2022) چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکیدا باسی لەوەکردووە، کە سوورن لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

چوارچێوەی هەماهەنگی، ئاماژەی بەوەشداوە، کە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێکدەهێنن.

ئەو راگەیەندراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای ئەو خۆپیشاندانە دێت کە دوێنی (27ی تەمووزی 2022) بەشێک لە هاووڵاتیانی بەغدا ئەنجامیاندا و ناڕەزایەتییان دەربڕی دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی و چوونە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و وێنەی موقتەدا سەدریان بەرزکردبووەوە.

موقتەدا سەدر لەسەر ئەو خۆپیشاندانە گوتی، پەیامی خۆپیشاندەران گەیشتووە و گەندەڵکارانیان تۆقاندووە، داواشیکرد خۆپیشاندەران دوای ئەنجامدانی نوێژ، بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

رۆژی 25ی ئەم مانگە، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکان رایگەیاند، کە محەمەد شیاع سودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەوەش جمووجۆڵە سیاسییەکان لە عێراقدا کەوتنە قۆناغێکی نوێوە.

Fly Erbil Advertisment