ترەمپ هەڕەشە لە CNN دەکات
"دۆسیە لەسەر ئەو میدیایانە دەکەمەوە کە لە ماوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی 2020 ناویان زڕاندووم"

K24 - هەولێر:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، لە پلانیدایە سکاڵای یاسایی لەسەر چەند میدیایەك تۆمار بکات لەنێویشیاندا تۆڕی میدیایی CNN.
دۆناڵد ترەمپ هۆکاری کردنەوەی دۆسیە لەسەر میدیاکان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە دەنگۆکانی ئەو سەبارەت بە "ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردن" رەت دەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە لە رێگای پارێزەرەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، CNN دووبارە تۆمەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ هەڵبەستووە.
"جگە لە CNN دۆسیە لەسەر ئەو میدیایانەش دەکەمەوە کە لە ماوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی 2020 ناویان زڕاندووم و خەڵکیان فریوو داوە. هەرگیز دەستبەرداری تێکۆشان نابم بۆ دەرکەوتنی راستییەکان و داهاتووی وڵاتەکەمان" ترەمپ لە راگەیەندراوەکەیدا وەهات گوتووە.
ئاماژەی بەوەش درا، کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ٢١ی تەمووز نامەیەکی ٢٨٢ لاپەڕەیی بۆ بەڕێوەبەری باڵای "CNN"، کریس لیکت رەوانە کردووە و داوای لێ کردووە ئەو پەخشانە رابگرێت کە بێبنەما و "هەڵە و ناوزڕێنەرن".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرامبەر جۆ بایدن شکستی هێنا، دواتر ژمارەیەکی زۆر دۆسیەی لەسەر هەڵبژاردنەکە تۆمار کرد کە گوایە فرتوفێڵ و ساختەکاری تێدا کراوە، بەڵام ئەو دۆسیانەی دۆڕاند.