کێیڤ رەتی دەکاتەوە بۆردوومانی گرتووخانەکەی کردبێت

مۆسکۆ: کیێڤ بۆردوومانی گرتووخانەی دیلەکانی خۆی دەکات

کارگە و دامەزراوەی ئازۆڤستاڵ
کارگە و دامەزراوەی ئازۆڤستاڵ

K24 - هەولێر:

سوپای رووسیا و جوداخوازەکانی ئۆکرانیا کە لەلایەن مۆسکۆوە پاڵپشتی دەکرێن هێزەکانی کیێڤ بە بۆردوومانکردنی گرتووخانەیەك تۆمەتبار دەکەن کە دیلەکانی جەنگی تێدا زیندانی کراوە و کوژران و برینداربوونی دەیان کەسیان لە بەندینخانەکە راگەیاند.

سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئۆکرانیا رەتی کردەوە شوێنی دیلەکانی جەنگی بۆردوومان کردبێت، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان، لایەنی ئۆکرانی بە سیستمی مووشه‌كی هیمارسی ئەمەریکی، بۆردوومانی گرتووخانەیەکیان کردووە کە ئەندامانی کەتیبەی ئازۆڤ تێیدا دەستبەسەر بوون".

ئاماژە بەوەش درا، بۆردوومانەکە کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی لێکەوتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، گرتووخانەی ئۆلێنیڤکا لە ناوچەی دابڕێنراوی دۆنێتسک بە شەودا کراوەتە ئامانج.

هەروەها لە بەیاننامەیەکەدا سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکانی هێرشەکە، ئەوە خرایەڕوو، "40 دیلی جەنگی ئۆکرانیا کوژراون و 75ـی دیکەش بریندار بوون." ئاماژە بەوەش درا، کە هەشت کارمەندی گرتووخانەکە بریندار بوون.

دوای چەند هەفتەیەك لە گەمارۆدانی دامەزراوەی ئازۆڤستاڵ کە دوا خاڵی بەرگری شاری ماریۆپۆرل بوو، لە مانگی ئایاردا کەتیبەی ئازۆف کە بەرپرسیارێتی پاراستنی دامەزراوەکەیان لەسەر بوو خۆیان بەدەستەوەدا، دواتر دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند، دیلەکان لە گرتووخانەی ئۆلینێڤکا زیندانی دەکرێن.

هەفتەی رابردوو، كۆشكی سپی رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا به‌ بڕی 270 ملیۆن دۆلار هاوكاریی سه‌ربازیی نوێ پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا ده‌كات، هاوكارییه‌كه‌شپێدانی سیستمی مووشه‌كی له‌ جۆری "هیمارس" له‌خۆده‌گرێت.