نەوتی ئێرانی بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشرێت

عێراقییەک، بەرپرسی یەکەمە

K24 – هەولێر

هەندێ بەڵگە دەست بەرپرسانی ئەمەریکا کەوتووە کە باس لە فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەکرێت. بازرگانێکی عێراقی وەک بەرپرسیاری یەکەمی ئەو کارە دەناسرێت و لەو رێگەیەوە هەوڵدراوە گوشاری گەمارۆکانی سەر ئێران، کەمتر بکرێتەوە.

رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"، ئاشکرای کردووە کە واشنتن دەستی بە لێکۆڵینەوە لە "بازرگانێکی دانیشتووی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی" و "تۆرێکی کۆمپانیای گومانلێکراو بە هاوکاری لەگەڵ ئێران"، کردووە. گوایە ئەو بازرگان و کۆمپانیایانە، نەوتی ئێرانیان هەناردە کردووە، هەر بۆیەش ئەمەریکا دەیەوێت گەمارۆیان بخاتە سەر.

ئەگەری سەپاندنی گەمارۆی نوێ لەلایەن جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکاوە، بەشێک لە هەوڵەکانی ئەمەریکایە بۆ "زیاتربوونی گوشاری دیپلۆماسی بۆ سەر تاران" و ئامانجیش لێی، گەڕانەوەی شاندی دانووستانکاری ئێرانییە بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی.

عێراقییەک، بەرپرسی یەکەمە

بە پێی راپۆرتی رۆژنامەکە، واشنتن تۆڕێکی پێکهاتوو لە بازرگان و کۆمپانیاکانی کە لە رێگەی سنووری ئاویی ئێران و عێراقەوە، هەوڵی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانیان داوە، خستووەتە ژێر چاودێرییەوە. ئەوان، نەوتی ئێرانیان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر، بۆ کەشتییەکی دیکە گواستووەتەوە و دواتر بە مەبەستی شاردنەوەی ناوی وڵاتی هەناردەکار، بەڵگەنامەی ساختەیان بۆ دروست کردووە.

بە پێی بەڵگەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، زانیارییەکانی گواستنەوەی دەریایی و لێدوانی کەسانی ئاگادار لەو پرسە، "ئەو تۆڕە، ویستوویانە نەوتی ئێرانی بە ناوی نەوتی عێراقی بفرۆشن و لەو رێگەیەوە گەمارۆکانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران، نەهێڵن".

رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمەریکی پێیانوایە هاووڵاتییەکی بە رەگەز عێراقیی دانیشتووی بەریتانیا بە ناوی "سەلیم ئەحمەد سەعید"، بەرپرسی یەکەمی ئەو کارەیە. گوایە ناوونیشان و ئیمەیلی چەند کۆمپانیایەکی "سەلیم"، لەگەڵ کۆمپانیای "FZE" تایبەت بە گواستنەوەی دەریایی و کۆمپانیای AISSOT کە کاری گواستنەوەی نەوتە لە رێگەی دەریاوە، هاوبەشە.

سەرۆکی ئەمەریکا لەبەردەم دوو بژاردەدا

بەرپرسانی ئێستا و پێشووی حکومەتی ئەمەریکا بە رۆژنامەکەیان گوتووە: رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە تۆڕانە کە دەیانەوێت گوشاری گەمارۆکانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران کەم بکەنەوە، جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکایان لەبەردەم دوو بژاردە داناوە".

بژاردەیەک، خواستی جۆو بایدنە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ئەوەی دیکە، ئیدارەدانی قەیرانەکانی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی دژ بە رووسیا و کەرتی وزە و نەوتی ئەو وڵاتەیە.

دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشی سەربازیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەناردەکردنی نەوت رووسیا لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە گەمارۆی خرایەسەر.

ئاژانسی بلۆمبێرگ، رۆژی 31ی تەمووزی رابردوو، بڵاوی کردەوە کە ئەو کەشتیە نەوتهەڵگرانەی پێشتر یارمەتی ئێرانیان دەدا بۆ ئەوەی گوشاری گەمارۆکانی رۆژئاوا لە سەر حکومەتی تاران کەم بکەنەوە، ئێستا نەوتی خاوی رووسیا دەگوازنەوە.

بە گوێری زانیاریی "وۆل ستریت جۆرناڵ"، وڵاتانی ئاسیایی، گەورەترین کڕیارەکانی نەوتی خاوی ئێرانن.

رۆژئاواییەکانیش تێوەگلاون

بە پێی بەڵگەنامەکانی بەردەستی وۆل ستریت جۆرناڵ و لێدوانی بەرپرسانی پێشوو، کۆمپانیاکانی "ئێکسۆن مۆبیل"، "شێل" و "بەرهەمەکانی کوک"، لەو کڕین و فرۆشتنانەدا، رۆڵیان هەبووە.

رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، هیچ تۆمەتێک نەخراوەتە پاڵ ئەو کۆمپانیا رۆژئاواییانە کە بیسەلمێنێت ئەوان بە زانیاری و شارەزاییەوە، گەمارۆکانی رۆژئاوایان پشتگوێ خستووە.

گوتەبێژی کۆمپانیای شێل، رایگەیاندووە کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە زانیاری و ئامارەکانی پێشوون و دەیانەوێت بزانن کۆمپانیاکەیان چۆن دەستی لە ناو ئەو مامەڵانەدا هەبووە. کۆمپانیا شێل، دووپاتی لە پابەندبوونیان بە یاسا نێودەوڵەتی و گەمارۆکان، کردووەتەوە.