توێژینه‌وه‌یه‌ك... كریستیانۆ و ماگوایه‌ر زۆرترین سووكایه‌تیان له پرێمه‌رلیگ پێكراوه

توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریخستووه، كریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاری ماگوایه‌ر ئه‌و دوو یاریزانه‌ی له مانچێسته‌ر یونایتد یاری ده‌كه‌ن زۆرترین سووكایه‌تیان له تویته‌ر پێكراوه، له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا ئاماژه به ناوی 10 یاریزان كراوه كه زۆرترین كاردانه‌وه‌ی توند و خراپ له سۆشیاڵ میدیا له دژیان به‌كار هاتووه.
توێژینه‌وه‌كه له لایه‌ن په‌یمانگای "ئالان تورینگ" به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (ئۆفكۆم) كراوه، توێژینه‌وه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای قۆناغی یه‌كه‌می وه‌رزی رابردووی پرێمه‌رلیگ ئه‌نجام دراوه، كریستیانۆ و ماگوایه‌ر سه‌رووی ریزبه‌ندییه‌كه‌یان گرتووه له ڕووی زۆرترین سووكایه‌تی كه پێیانكراوه.
توێژینه‌وه‌كه ده‌ریخستووه كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌و ماوه‌یه‌دا 12 هه‌زار و 520 تویتی سووكایه‌تی پێكراوه، له كاتێكدا ماگوایه‌ر به 8 هه‌زار و 954 هه‌زار تویت له پله‌ی دووه‌م دێت، ماركۆس راشفۆردیش له لیسته‌كه‌دا هه‌یه كه نزیكه‌ی 6 هه‌زار و 400 تویتی سووكایه‌تی له دژی به‌كار هاتووه.
له لیسته‌كه‌دا هه‌شت یاریزانی مان یونایتدی تێدایه كه وه‌رزی رابردوو به خراپترین دۆخ تێپه‌ڕیون و زۆرترین سووكایه‌تیان پێكراوه، كه پێكهاتوون له (كریستیانۆ رۆناڵدۆ، هاری ماگوایه‌ر، راشفۆرد، بڕۆنۆ فێرناندێز، فرێد، لینگارد، پۆگبا و دی خیا)، ئه‌م سووكایهتیانهش به‌هۆی ئه‌وه بووه كه وه‌رزی رابردوو پله‌ی شه‌شه‌میان له پرێمه‌رلیگ به‌ده‌ستهێنا و نه‌یانتوانی بۆ چامپیۆنزلیگ سه‌ربكه‌ون.
دوو یاریزانی دیكه‌ی پرێمه‌رلیگ له نێو لیسته‌كه‌دا ناویان هاتووه بریتین له هاری كه‌ین كه 2 هه‌زار و 127 تویتی سووكایه‌تی پێكراوه، هه‌روه‌ها جاك گریلیش كه ساڵی رابردوو به گرێبه‌ستێكی 100 ملیۆن پاوه‌ندی روویكرده مان سیتی هه‌زار و 538 تویت له دژی كراوه و هه‌موویان ره‌ق و توڕه‌یی خۆیان له دژی ئه‌و یاریزانه له تویته‌ر ده‌ربڕیوه.
ئامانج له توێژینه‌وه‌كه ئاشكراكردنی ئاستی دووژمنایه‌تی هانده‌رانه له سۆشیاڵ میدیا له دژی یاریزانانی تۆپی پێ، له تویژینه‌وه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه له‌و كاته‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له هاوینی 2021 یوڤێنتۆسی جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه مان یونایتد رێژه‌ی دووژمنایه‌تی له سۆشیاڵ میدیا له دژی یاریزانانی تۆپی پێ زیادی كردووه، به هه‌مان شێوه ئه‌وكاته‌ی له نۆڤێمبه‌ری 2019 مان یونایتد له یاریی دێربی به‌رامبه‌ر مان سیتی دۆڕا، هاری ماگوایه‌ر داوای لێبوردنی كرد، له‌و رۆژه‌وه ژماره‌ی نه‌یاره‌كان له دژی یونایتد زیادی كرد.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له هاوینی ئه‌مساڵ بووه‌ته مانشێتی گه‌رمی میدیایه‌كان، چونكه داوای جێهێشتنی ئۆڵد ترافۆردی له ده‌سته‌ی كارگێری مان یونایتد كردووه، هاری ماگوایه‌ریش به‌هۆی ئه‌و ئاسته خراپه‌ی له چه‌ند مانگی رابردوو پێشكه‌شی كردووه هه‌میشه له لایه‌ن هانده‌رانی یونایتد و ئینگلاند فیكه‌ی ناڕه‌زایی له دژی لێدراوه.
توێژینه‌وه‌كه شیكاری بۆ 2 ملیۆن و 300 هه‌زار تویت كردووه كه نزیكه‌ی 60 هه‌زار تویتیان بۆ سووكایه‌تی به‌كارهاتووه، ته‌نانه‌ت له هه‌ر 10 یاریزانی پرێمه‌رلیگ، 7 یاریزانی بوونه‌ته قوربانی سۆشیاڵ میدیا.