یۆنامی: دەبێت رێککەوتنی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت

"حوکمڕانی جێگیر و پێکهاتەی ئاسایش رێگە بە ئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەکانیان"
ئاوارەبوونی ئێزدییەکان
ئاوارەبوونی ئێزدییەکان

K24 - هەولێر:

یۆنامی، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەبارەت بە یادکردنەوەی کردارە دڕندەییەکانی ساڵی 2014 دژی ئێزدییەکان لە شنگال رایگەیاند، دەبێت رێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە هەشتەمین ساڵرۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییه‌كان له‌ شنگال بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کۆمەڵگەی ئێزدی تا ئێستا ئەو ئاشتی خۆشگوزەرانییەیان بەدەست نەهێناوە کە بەڕاستی شایەنیەتی.

یۆنامی ئاماژەی بەوەشدا، هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان و شوێنیان بە نادیاری ماوەتەوە.

لە بەیاننامەکەی یۆنامیدا باس لەوە کراوە، کە زۆرێك لە بەرکەوتەکان لەدوای چەندین ساڵ لە دیلبوون و ئەشکەنجەدان و توندویژی سێکسی و کۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەوپەڕی نامرۆڤانە بەردەوام بەدەست ئازاری دەروونییەوە دەناڵێنن، ژمارەیەكی دیکەش هێشتا بەسەر ئازاری لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانی خۆشەویستیان بە تەواوی خێزانەکەیان، زاڵنەبوونە.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، زۆرێك لە ئێزدییەکان لە شوێنی رەسەنی خۆیان ئاوارە بوونە و زێدی باوباپیرانیان لە شەنگال هێشتا بێبەشە لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان پێویستە.

یۆنامی لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەرکی هەمووانە بێوچان کار بکەن بۆ ئەوەی دەستەبجێ کۆتایی بە دۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەکان بێت، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی شنگال بڕەخسێت.

یۆنامی بەشێك لە قسەکانی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت، "دەوڵەت چەترێکە بۆ هەمووان و دەبێت دەسەڵاتەکەی گەرەنتی بە هەموو هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە بدات، بەبێ گوێدانە لایەنگیری سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی. هیچ ئێزدیییەك و هیچ عێراقییەكی دیکەش نابێت ببێتە قۆچی قوربانی کێبڕکێی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان هەرێمی".

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی: بەبێ دواکەوتنی زیاتر، دەبێت رێكکەوتنی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. حوکمڕانی جێگیر و پێکهاتەی ئاسایش رێگە بە ئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

سەبارەت بە رێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان، لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کرا، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ئەو رێکارانە بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێنن.

یۆنامی دەستخۆشی لە ئێزدییەکان دەکات بۆ خۆڕاگرییان لە پاراستنی کولتوور و میراتەکەیان سەرەڕای ئەو ئاڵانگارییە بێشوومارانەی کە کۆمەڵگەکە بەردەوان رووبەڕووی دەبێتەوە، لە نێویاندا هەوڵەکانی داعش بۆ سڕینەوەیان.

لەبارەی ئەو ئێزدییانەی کە بێسەروشوێنن، یۆنامی دەڵێت: گەڕان بەدوایاندا دەبێت بەردەوام بێت، تا ئەم بابەتە بە ئازارە کۆتایی پێدێت.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، "لە کاتێکدا یادی ئەم لاپەڕە زەبربەخشەی مێژووی عێراق دەیکەنەوە، پابەندی خۆمان بە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال نوێ دەکەینەوە".

رێككەوتنی شنگال (ئۆکتۆبەری 2020) لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە شاری بەغدا واژۆكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینییەوە، ئەوانیش:  

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.