به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌در: ئەگەر دادگا بێ وەڵام بێت قسەی دیکەمان دەبێت
"په‌یامی سەدر روون و ئاشكرایه ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ی بۆ دادگا دیاركردووه"
K24 - بەغدا
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی موقتەدا سه‌در له به‌غدا تایبه‌ت رایدەگەیەنێت، په‌یامی سەدر روون و ئاشكرایه، ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ی بۆ دادگا دیاركردووه، بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی خۆی بكات، "ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌ل نه‌بوو" ئه‌وكات قسه‌یه‌كی دیكه‌یان ده‌بێت.
ئیبراهیم جابری، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌در له به‌غدا بە کوردستان24ی راگەیاند: "په‌یامی ئێمه روون و ئاشكرایه، پیش‌تر سه‌ماحه‌تی موقته‌دا سه‌در ئه‌و په‌یامه‌ی راگه‌یاند و تێیدا جه‌ختی له‌سه‌ر دوو خاڵی سه‌ره‌كیی كرده‌وه، یەكه‌میان ئه‌وه‌یه كه پێویسته دادگا له‌گه‌ڵ گه‌لی عێراق بێت، هه‌روه‌ك گوتی: ماوه‌ی ده‌ستووری ته‌واو بووه و داوای له دادگا كرد، كه ئه‌گه‌ر فشاری له‌سه‌ر نه‌بێت كه له‌ڕاستیدا ده‌زانین كه فشاری گه‌وره‌ی حزبه سیاسییه گه‌نده‌ڵه‌كانی له‌سه‌ره".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر دادگا له‌گه‌ڵ گه‌له، ئه‌وا ده‌بێت قسه‌ی خۆی بكات و په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و واده‌یه‌كیش بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دیاری بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ماحه‌تی سه‌ركرده ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كی بۆ دادگا دیاریكردووه، بۆ ئه‌وه‌ی دوا گوته‌ی خۆی له‌وباره‌یه‌وه بدات. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌ل بێت ئه‌وا خودا پاداشتی بدات و ئه‌گه‌ریش له‌گه‌ڵ گه‌ل نه‌بێت، ئه‌وكات بۆ هه‌ر رووداوێك قسەی دیکەمان هه‌یه".