کوردستان٢٤ زانیاری زیاتر لەسەر بکوژی ئاوارەکەی شنگال و کچەکەی بڵاودەکاتەوە

پێشتر بە تاوانی کوشتن سزادراوە
وێنه‌ی باوك و كچه‌كه‌ و بكوژه‌كه‌یان
وێنه‌ی باوك و كچه‌كه‌ و بكوژه‌كه‌یان

K24 – هه‌ولێر:

کەمێک پێش ئێستا بکوژی فارووق میرزا لە شاری دهۆک لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکرا، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان٢٤ بکوژەکە ناوی (ب . د . س) و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بکوژ دانی بە کوشتنی ئاخینک فارووق کچی فارووق میرزا ناوە.

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە کوردستان٢٤ی راگەیاند، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بکوژ دانی ناوە بەکوشتنی کچە شەش ساڵانەکەی فارووق بەناوی ئاخینک، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پۆلیسی زاخۆ بەدوای تەرمی ئاخینکدا دەگەڕێن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان٢٤ لە زاخۆ، بکوژەکە پێشتر تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە و دوای ٣ ساڵ ئازادکراوە، هەر بەگوێرەی زانیارییەکان لە ساڵی ٢٠٢١ بکوژ بە تۆمەتی رفاندنی دوو کچە منداڵی پەنابەری رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکرابوو، دوای ئەوەی لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتبوو ٢ منداڵەکە دەباتە دەرەوەی شار، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئەوکات دادگا بکووژەکەی ئازادکرد، تا ئێستاش چارەنووسی ئەو دوو منداڵە نادیارە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ٤ی مانگی ئاب فارووق میرزا و (ئاخینک)ی کچی لەلایەن بکوژەکەوە لە باخەکەی داوەتکرابوون، لەهەمان رۆژدا فارووق میرزا لەلایەن هاوڕێکەیەوە کوژرا، دوای سێ رۆژ لە رووداوەکە تەرمی فارووق لە هەمان شوێن دۆزرایەوە.