لە 40 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەشدەکرێت

ئەمڕۆ بڕیاری زیادکردنی بڕی بەنزینی 750 دیناری چووە بواری جێبەجێکردنەوە و لە 50 بەنزینخانەی جیاواز دابەشکردنی هەردوو جۆری بەنزینی 750 دیناری و 850 دیناری دەستیپێکرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، دوێنێ راگەیەندرا بڕی دابینکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ دوو هێندە زیاد دەکرێت بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و کەمکردنەوەی لۆد لەسەر بەنزینخانەکان.

لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر، سەرەڕای دیاریکردنی نرخ لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەشێک لە بەنزینخانەکان تا ئێستا پابەند نەبوون بە دابەزاندنی نرخەکان و هەندێکیان تابلۆی "بەنزین نییە"یان هەڵواسیوە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم نرخە، سالار محەمەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "خاوەن بەنزینخانەکان داوای مۆڵەتی چەند رۆژێکیان کردووە تاوەکو ئەو عەمبارانەی بە نرخە گرانەکەی پێشوو کڕیویانە، تەواوی بکەن. ئێمەش داواکارییەکەمان ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە و چاوەڕێی وەڵامین."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ بەنزینخانەیەک سزا نەدراوە بەهۆی ئەوەی چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی وەزارەتن، بەڵام جەختی کردەوە: "هەر بەنزینخانەیەک، بەتایبەت ئەوانەی بەنزینی حکوومەتییان پێدەدرێت، ئەگەر بەنزین نەدەن یان نرخەکان کەمنەکەنەوە، رووبەڕووی سزای توند دەبنەوە کە سزاکان پێبژاردن و داخستنی بەنزینخانەکان دەگرێتەوە."

چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، دوای تەواوبوونی مۆڵەتە داواکراوەکە، نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەریش لە هەموو بەنزینخانەکاندا بەو نرخە جێگیربکرێت حکوومەت دیاری کردووە.