دەم پارتی: لە یاسای چوارچێوە رۆڵی ئۆجەلان وەک دانوستانکار دیاریکراوە

سەزای تەمەللی، بریکاری فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، رایگەیاند ئەو "یاسای چوارچێوە"یە کە بڕیارە ئامادە بکرێت، ماددەیەکی تایبەت بە رێکخستنی دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تێدایە.

تەمەللی لە میانی بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ناوەڕۆکی ئەو یاسایەدا جەخت لەسەر رۆڵی ئۆجەلان وەک "سەرۆکی دانوستانکار" دەکرێتەوە. گوتیشی، ئەوەی لە لێدوانی کاربەدەستانی وڵات و بەتایبەت لە قسەکانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا تێگەیشتوون، ئەوەیە کە رێکخستنێکی یاسایی لەمبارەیەوە دەبێت.

بە گوتەی تەمەللی، ئەم رێکخستنە یاساییە دوو لایەنی دەبێت؛ لایەنی یەکەم پەیوەستە بە دۆخی یاسایی ئۆجەلان و لایەنی دووەمیش فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت بە شێوەیەکی پراکتیکی بەشداری لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا بکات، لەوانەش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی تەندروست و کارکردن لەسەر دیزاینکردنی هەموو قۆناخەکانی پڕۆسەکە.

سەبارەت بە پرسی چەکدارانی پەکەکە ، تەمەللی باسی لە "گواستنەوەی قۆناخ بە قۆناخ" کرد و گوتی، پڕۆسەکە تەنها دانانی چەک نییە، بەڵکو رێکخستنی گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو رێکخراوە و چارەسەرکردنی دۆخی هەزاران کەسە کە ئێستا لە زیندانەکاندان یان لە دەروەی وڵات دەژین.

لە کۆتاییدا تەمەللی جەختی کردەوە کە ئەم "یاسای چوارچێوە"یە دەبێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاری لە چەندین یاسای دیکەی تورکیادا، تاوەکو رێگا بۆ قۆناخێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا بکاتەوە.