هێرشکرایە سەر نوسەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان و گەیەندرایە نەخۆشخانە

ساتی رزگارکردنی سەلمان روشدی
ساتی رزگارکردنی سەلمان روشدی

K24 - هەولێر:

سەلمان روشدی، نووسەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان، لە پەیمانگایەکی نیویۆرک لەلایەن کەسێکەوە هێرشیکرایە سەر و لە ئاکامدا، بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، سەلمان رووشدی لە هۆڵێكی پەیمانگای (Chautauqua) لە نیویۆرک لەلایەن هێرشبەرێکەوە بریندار کراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ئاژانسەکە هیچ زانیارییەکی دیکەی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەو نووسەرە نەخستووەتەڕوو.

پۆلیسی نیویۆرکیش لەلای خۆیەوە دەستگیرکردنی هێرشبەرەکەی رایگەیاند، ئاماژەی بەوەشدا، جگە لەو نووسەرە، لە هێرشەکەدا کەسێکی دیکەش برینداربووە.

ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری یەکێك لە شایەتحاڵەکانەوە بڵاویکردەوە، کە هێرشەکە نزیکەی 20 چرکەی خایاندووە بەجۆرێك بریندارکراوە، کە لە شان و ملیەوە خوێنی لێ رۆیشتووە.

ئایەتە شەیتانییەکان، یەکێکە لە رۆمانەکانی نووسەر و رۆماننووسی ناوداری (هیندی- بەریتانی) سەلمان روشدی تەمەن 75 ساڵ، کە لە 26ـی ئەیلولی 1988 لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە.

دوای ماوەیەکی کەم لە دەرچوونی ئەم کتێبە کاردانەوەکانی جیهانی ئیسلامی دەستیپێکرد و دیارترینیان، سووتاندنی ژمارەیەکی زۆر لەو کتێبە بوو لە شاری برادفۆری بەریتانیا و دواتر دەرکردنی فەتوایەك بۆ حەڵاڵکردنی خوێنی سەلمان روشدی لەلایەن ئایەتوڵا خومەینی.

بەهۆی ئەم کتێبەوە موسڵمانان سەلمان روشدی بە سووکایەتیکردن بە ئایینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز تۆمەتبار دەکەن.