چوارچێوەی هەماهەنگی چوار مەرجی بۆ موقتەدا سەدر هەیە

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، وێنەی ئەرشیف
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، وێنەی ئەرشیف

K24 - هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، دووپاتیکردووەتەوە کە بە جێبەجێکردنی چوار مەرج، لاریان لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نییە.
درەنگانی شەوی رابردوو (دووشەممە ١٥ی ئاب) لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، کۆبوونەوە. وەک ئاژانسی دەنگوباسی "شەفەق نیوز" بڵاویکردووەتەوە، دانیشتنەکە تایبەت بووە بە ئامادەکردنی وەڵام و مەرج بۆ جێبەجێکردنی داواکانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

چوارچێوەی هەماهەنگی، چوار مەرجی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەیە. یەکەم مەرج، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتە لەلایەن کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆتاییهاتنی کارەکانی حکومەتی کاتیی ئێستایە. مەرجی دووەم، هەموارکرنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە.

چوارچێوەی هەماهەنگی، داوایکردووە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچن و تێیدا رێگەی یاسایی و راستییانەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەن، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و حکومەتی کاتی، گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت.

مەرجی چوارەم، "هاتنەدی کۆدەنگییەکی نیشتمانییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە".

خۆپێشاندانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بەردەوامە. ئەوان دەڵێن تا داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێن، واز لە خۆپێشاندان ناهێنن.

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەک لە داواکارییەکانە. پێشتر موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، داوای لە دەستەڵاتی دادوەری کردبوو کە ئەنجوومەنی نوینەران هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقەوە رەتکرایەوە.

ئەنجوومەنی دادوەری عێراق لە وەڵامی داواکەی موقتەدا سەدر، رایگەیاند "دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانمان نییە".