یونامی: قه‌یرانه‌كانی ئێستای عێراق درێژه‌ی كێشا

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

لە 19ـمین ساڵیادی تەقینەوەی بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەغدا، یونامی باپەندیی خۆی بۆ خەڵکی عێراق دووپاتكرده‌وه‌.

له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ به‌بۆنه‌ی 19ـمین ساڵیادی ته‌قینه‌وه‌ی باره‌گاكه‌یان له‌ به‌غدا، یونامی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، 19ـی ئاب، یادەوەرێکی تاڵی هەمیشە زیندووە بۆ تەواوی نەتەوەیەکگرتووەکان، كه‌ لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆی ساڵی 2003دا، بارەگای UNAMI لە بەغدا تەقێندرایەوە، بووە هۆی کوژرانی 22 کارمەند بە سێرجیۆ دیمیلیۆ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانی ئەوساشەوە، لەگەڵ برینداربوونی 150 كه‌سی دیكه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو، هەموو قوربانییەکان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون، کە کاریان بۆ هەڵسانەوەی عێراق ده‌كرد، لە ساڵی 2009ـه‌وه‌، ئەم یاده‌ وەک "رۆژی مرۆیی" دەستنیشانکرا.

روونیكرده‌وه‌، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، یادی ئەوانە دەكاته‌وه‌ کە گیانیان بەختکرد و ئەوانەش کە برینداربوون، هەروەها ئەو خانەوادانەش کە تا ئێستا بەدەست ئاسەواری ئەم کارەساتەوە دەناڵێنن.

یونامی پێیوایه‌ عێراق لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت، بەو قەیرانەی ئێستاشەوە، کە زۆر درێژەی کێشا، بەڵام هیچ لەم قەیرانانه‌  له‌و ئاسته‌ نین كه‌ چاره‌سه‌رنەکرێن و یاخوود بخرێنەپێش بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە.

Fly Erbil Advertisment