بهغدا ستراتیژییەتێک بۆ باشکردنی گوزەرانی هەژاران دادهڕێژێت
K24 - هەولێر:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، پلانێکی ستراتیژییان بۆ باشکردنی داهات و گوزەرانی خێزانە هەژارەکان داڕشتووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا گەورەترین رووپێوی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکات.
عەبدولزەهرە هینداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بە هاوبەشی و هاوکاری چەند وەزارەتێک و دامەزراوەی دیکە، ستراتیژییەتێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی سێیەمی هەژاری لە عێراق لە ساڵانی 2024 تاکو 2028 ئامادە دەکات.
گووتیشی، ئامانج لەو ستراتیژییەتە باشکردنی ئاستی گوزەرانی ئەو کەسانەیە ئاستی داهاتییان سنووردارە.
ئاماژهی بهوه كرد، هەڵسەنگاندن بۆ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دهكرێت، بۆ ئەوەی کەسانی شایستە سوودمەند بن لە هاوکارییەکان، ههروهها چاکسازی له پسوولەی خۆراك ئهنجام دهدرێت، بۆ ئەمەش لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی کاردەکەن، بۆ ئەوەی خێزانە ههژارەکان سوودمەند بن.