زانیاری نوێ سەبارەت بە رووداوی کوشتنەکەی دهۆک
خەڵکی باکووری کوردستانە و نیشتەجێی شاری سلێمانییە
K24 - هەولێر:
دواینوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئابی 2022، لەنێو شاری دهۆک تەقە لە هاووڵاتییەك کرا و لەئاکامدا گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی مەسعود محەمەد پەیامنێری کوردستان24، کوژراوەکە ناوی عەلائەددین نورەددینە و تەمەنی 39 ساڵە و، خەڵکی باکووری کوردستانە و نیشتەجێی شاری سلێمانییە.
یەکێک لەو کەسانەی کە شایەتحاڵی رووداوکە بووە، قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی: ئەو کەسە بە ئۆتۆمبێلێکی تەکسی گەیشتە ئێرە و بۆ وردکردنەوەی پارە لە تەکسیەکە دابەزی، کاتێك گەڕایەوە بۆ لای تەکسیەکە تا پارەی کرێکەی بدات بە شۆفێرەکە، کەسێك هات و تەقەی لێکرد.
پۆلیسی دهۆکیش لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی دادگای لێکۆڵینەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بکوژەکە دەرچووە.