بەهۆی ئەفیون چەند کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمەریکا سزا دەدرێن
"کۆی ئەو زیانانەی بەر ناوچەکە کەوتووە 3.3 ملیار دۆلارە"
K24 - هەولێر:
دادوەری کلیڤلاند لە هەردوو کەرتی ئۆهایۆ 650 ملیۆن دۆلار سزای بەسەر کۆمپانیاکانی CVS و Walgreens و Walmart سەپاند، کە لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی ماددەی ئەفیون لە دەرمانخانەکان داوای یاساییان لەسەر بەرزکرابووەوە.
دادوەری دادگاکە لە بڕیارەکەی رایگەیاند، ئەو بڕیارەی دەریانکردووە لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ماددەی ئەفیون لە هەردوو کەرتی لیک و ترەمبل لە دەرەوەی کلیڤلاند خەرج دەکرێت.
پارێزەران لە کەرتەکان پێیان وایە، کۆی ئەو زیانانەی بەر ناوچەکە کەوتووە 3.3 ملیار دۆلارە، بەڵام دادگا تەنیا 650 ملیۆن دۆلار سزای بەسەر ئەو کۆمپانیایانە سەپاندووە.
جۆن هامیرشیک کۆمیسیاری کەرتی لیک رایگەیاند، ئەو کەرتانە توانیویانە باوەڕ بە دەستەی سوێندخواردن بهێنن، کە دەرمانخانەکان لە رێگەی ساغکردنەوەی ئازارشکێنەکان رۆڵێکی باڵایان هەبووە لە هەراسانکردنی رای گشتی.
داواکەی داواکاری گشتی ئەمەریکا ئەوە بووە، کە کۆمپانیاکان تەکنیکی بەبازاڕکردنیان بەکارهێناوە و مەترسییەکانی ئاڵوودەبوونیان کەمکردووە و زیاتر سوودەکانیان خستووەتەڕوو.