وەزیری وزەی ئەمەریکا: بەرهەمهێنان لە 2023 بۆ بەرزترین ئاست بەرزدەکەینەوە
K24 - هەولێر:
جێنێفەر گرانهۆلم وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجیانە بەرهەمهێنان بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکەنەوە و لە ساڵی داهاتووەوە دەست بەکارەکانیان دەکەن.
وەزیری وزەی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، تاوەکو ساڵی 2023 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 12 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەکەنەوە. لە کاتێکدا ئێستا بەرهەمهێنانی رۆژانە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان پەیوەستە بە خواست و خستنەڕوو، کە بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیەوە خواست بۆ سووتەمەنی زیادیکرد، بۆیە پێویست دەکات ئەمەریکا ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکاتەوە.