وردەکاری گۆڕانکارییەکان لە جۆرەکانی مۆڵەتی شۆفێری لە کوردستان

مۆڵەتی تایبەتی و گشتی نامێنێت و دەبێتە 13 جۆر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی شۆفێرییەکەی نوێ کردەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی شۆفێرییەکەی نوێ کردەوە

K24 – هەولێر

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەودوا دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە رێگەی سیستەمێکی دیجیتاڵییەوە دەبێت و جۆرەکانی مۆڵەتەکەش گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24ی ئاب) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، لە وردەکاری سیستەمی مۆڵەتی شۆفێری دیجیتاڵی کۆڵییەوە و لەلایەن بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر زانیاری لەبارەی سیستەمەکە خرایەڕوو.

بە پێی گۆڕانکارییەکان، مۆڵەتی تایبەتی و گشتی نامێنێت و دەبێتە 13 جۆر.

 

جۆرەکانی مۆڵەتی شۆفێری

A1

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات، شۆفێری ماتۆرسکیل بکات، کە قەبارەی لە 40CC زیاتر نەبێت و تەمەنی 16 ساڵی تەواو کردبێت.

A

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات، شۆفێری ماتۆرسکیل بکات، کە قەبارەی لە 40CC زیاتر بێت و دەبێت دوو ساڵ بە سەر مۆڵەتی جۆری A1 تێپەڕبووبێت.

B

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات، شۆفێری ئۆتۆمبێل بکات کە کێشی ئۆتۆمبێلەکە بە بارەوە لە 3500 کیلۆگرام زیاتر نەبێت و عارەبانەیەک رابکێشێت کە کێشی بە بارەوە لە 750 کیلۆگرام زیاتر نەبێت و بە هەر دووکیان بە بارەکانیانەوە کێشیان لە 3500 کیلۆگرام زیاتر نەبێت، پێویستە داواکار تەمەنی 18 ساڵی تەواو کردبێت. ئەمەش دوو جۆر دەگرێتەوە:

ا . ئۆتۆمبێلی ساڵۆن و ستەیشن کە بە شۆفێرەوە لە نۆ سەرنشین زیاتر نەبێت.

ب. ئۆتۆمبێلی پیک ئاب (تاک یان دەبڵ کابینە)

BE

رێگە دەدات بە هەڵگرەکەی، شۆفێری ئۆتۆمبێلی مۆڵەتی جۆری B  بکات و عارەبانەیەک رابکێشێت کە کێشی لە 750 کگم زیاتر نەبێت و لە 3500 کگم بە بەتاڵی زیاتر نەبێت. پێویستە تەمەنی 18 ساڵی تەواو کردبێت. پێویستە داواکاری ئەم جۆرە مۆڵەتە پێشتر مۆڵەتی جۆری B بەدەست هێنابێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت.

C1

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بکات کە کێشی بە بارکراوی لەنێوان 3500 کگم و 7500 کگم بێت و دەتوانێت عارەبانەیەک رابکێشێت بە بارکراوی کە کێشی لە 750 کگم زیاتر نەبێت. پێویستە داواکار تەمەنی 20 ساڵی تەواو کردبێت و پێشتر مۆلەتی جۆری B بەدەست هێنابێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت.

C1E

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات، شۆفێری ئۆتۆمبێلی ئەم جۆرانەی خوارەوە بکات و پێویستە داواکار تەمەنی 20 ساڵی تەواو کردبێت و شۆفێرەکە پێشتر مۆڵەتی جۆری C1ـی هەبووبێت.

ا. ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە شۆفێرەکەی مۆڵەتی جۆری BEـیان هەیە.

ب. ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە شۆفێرەکەی مۆڵەتی جۆری Bـیان هەیە و دەکرێت ئۆتۆمبێلەکە عارەبانە یان نیمچە عارەبانەیەک رابکێشێت و کێشی بە بارکراوی لەنێوان 3500 کگم و 12000 کگم بێت.

ج. ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە شۆفێرەکەی مۆڵەتی جۆری C1ـیان هەیە و دەکرێت ئۆتۆمبێلەکە عارەبانە یان نیمچە عارەبانەیەک رابکێشێت و کێشی بە بارکراوی لەنێوان 3500 کگم و 12000 کگم بێت، بەو مەرجەی کێشی عارەبانەکە لە کێشی ئۆتۆمبێلەکە زیاتر نەبێت.

C

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بکات کە کێشی بە بارکراوی لە 3500 کگم زیاتر نەبێت و دەکرێت ئۆتۆمبێلەکە عارەبانەیەک رابکێشێت کە کێشی لە 750 کگم بە بارکراوی زیاتر نەبێت، پێویستە داواکار تەمەنی 20 ساڵی تەواوکردبێت و پێشتر مۆڵەتی جۆری B بەدەست هێنابێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت.

CE

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات، شۆفێریی ئۆتۆمبێلی جۆری (قاطرە و مقطورە) بکات و دەبێت (مقطورە) کێشی لە 750 کگم زیاتر بێت و داواکار تەمەنی 20 ساڵی تەواو کردبێت، پێویستە شۆفێرەکە پێشتر مۆڵەتی Cـی هەبووبێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت. هەڵگری ئەم جۆرە مۆلەتە دەتوانێت شۆفێری ئۆتۆمبێلی مۆلەتی جۆری C1E و BE و T بکات.

D1

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات، شۆفێری پاس بکات کە لە 16 سەرنشین لەگەڵ شۆفێر زیاتر نەبێت و دەتوانێت عارەبانەیەک کە کێشی لە 750 کگم زیاتر نەبێت، رابکێشێت. پێویستە داواکار تەمەنی 20 ساڵی تەواو کردبیت و پێشتر مۆلەتی جۆری B بەدەست هێنابێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت.

D1E

رێگە دەدات بە هەڵگرەکەی شۆفێریی جۆری D1 بکات و دەکرێت ئۆتۆمبێلەکە عارەبانەیەک رابکێشێت کە کێشی لە 750 کگم زیاتر بێت. ئەم جۆرە مۆڵەتە رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلی جۆرەکانی D1 و B و BE و C1E بکات. داواکار پێویستە تەمەنی 20 ساڵی تەواو کردبێت و پێشتر مۆڵەتی جۆری D1ـی هەبووبێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت.

D

رێگە دەدات بە هەڵگرەکەی شۆفێریی ئۆتۆمبێلی گواستنەوە بە هەموو جۆرەکانییەو بکات و دەکرێت ئۆتۆمبێلەکە عارەبانەیەک رابکێشێت کە کێشی لە 750 کگم زیاتر نەبێت. داواکار پێویستە تەمەنی 20 ساڵی تەواو کردبێت و پێشتر مۆڵەتی جۆری Bـی بەدەست هێنابێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت.

DE

رێگە بە هەڵگرەکەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلی گواستنەوە بکات و دەکرێت ئۆتۆمبێلەکە عارەبانەیەک رابکێشێت کە کێشی لە 750 کگم زیاتر بێت. پێویستە داواکار تەمەنی 20 ساڵی تەواو کردبێت، پێشتر مۆڵەتی جۆری Dـی هەبێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت. هەڵگری ئەو جۆرە مۆڵەتە، دەتوانێت شۆفێریی جۆری مۆڵەتەکانی BE و D1E بکات و دەکرێت بەکار بێت بۆ شۆفێریی ئۆتۆمبێلی جۆری C1E ئەگەر شۆفیر مۆڵەتی جۆی C1ـی هەبێت.

T

رێگە دەدات بە هەڵگرەکەی شۆفێریی ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵی بکات و دەکرێت (مقطورە) یان (نیمچە مقطورە) یان عارەبانە رابکێشێت. هەروەها هەڵگر دەتوانێت، شۆفێریی ئۆتۆمبێلی بیناسازی بکات لەگەڵ راکێشانی (مقطورە) یان (نیمچە مقطورە)، پێویستە داواکار تەمەنی 18 ساڵی تەواو کردبێت.

.