کەسێک بە تۆمەتی کردنەوەی ناوەندێک بۆ راهێنانی چەکدارانی داعش دەستگیرکرا
"ویستویەتی راهێنان بە خەڵک بکات و بیانێرێتە ریزەکانی داعش"

K24 - هەولێر
ئەمەریکا کەسێکی دەستگیرکرد کە ناوەندێکی بۆ راهێنانی چەکدارانی داعش ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی لەو ناوەندەوە خەڵک ئامادە بکات و رەوانەی ریزەکانی داعشیان بکات.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، لە ویلایەتی نیومێکسیکۆ، کەسێک دەستگیرکراوە بە تۆمەتی کردنەوەی ناوەندێک بۆ راهێنانی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بچنە ریزەکانی داعش، لەو ناوەندە راهێنانی بەو کەسانە کردووە لەسەر پلانە تەکتیکییەکان و بەرگریکردن لە خۆیان و هاوکاری ماددیشی کردوون.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، 23/8/2022 ئەو کەسە دەستگیرکراوە بە ناوی هیرمان لیفون فیڵسن، تەمەن 45 ساڵ، خەڵکی شاری ئەلبوکێرکە و ناسراوە بە "بیلال عەبدوڵڵا" تۆمەتبارە بە پێشکەشکردنی هاوکاری ماددەی بە رێکخراو تیرۆریستییە بیانییەکان، لە رێگەی کردنەوەی ناوەندێکی داعش لە ویلایەتی نیومێکسیکۆ و تێیدا ویستوویەتی راهێنان بەو کەسانە بکات کە دەیانەوێت لە ئەمەریکاوە بچنە ریزەکانی داعش.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسە پلانی ئەنجامدانی چەند هێرشێکیشی لە ئەمەریکا لە رێگەی ئینتەرنێت تاوتوێکردووە.