کۆمپانیایەکی عێراقی وێستگەیەکی کارەبای رۆمانیا دەکڕێتەوە
کۆمپانیای ماس گرووپ بە 91 ملیۆن یۆرۆ وێستگەکەیەک لە رۆمانیا دەکڕێتەوە
K24 - هەولێر
کۆمپانیای ماس گرووپی عێراقی وێستگەیەکی وزەی رۆمانیا بە ناوی (Mintia TPP) بە گوژمەی 91 ملیۆن یۆرۆ لە رۆمانیا دەکڕێتەوە، پلانیشی هەیە بە قەبارەی یەک ملیار یۆرۆ وەبەرهێنانی تێدا بکات.
ئەحمەد ئیسماعیل سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی کۆمپانیای ماس رایگەیاند، قەبارەی وەبەرهێنانەکانیان بۆ بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی وێستگەی مینیتا لە ساڵانی داهاتوو لە ملیارێکی یۆرۆ زیاتر دەبێت. کە ئامانجیانە پەرە بە وزەی پاک بدەن و لەگەڵ پێوەرە نوێیەکانی ئەوروپا بۆ پاراستنی کەشوهەوا گونجاو بێت.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (سی نیوز) کۆمپانیای ماس گرووپ وێستگەی مینیای گەرمایی رۆمانی TPP بە قەبارەی 91.2 ملیۆن یۆرۆ لە زیادکردنێکی ئاشکرا کڕیەوە، بڕیارە لە ساڵانی ئایندە بە قەبارەی ملیارێک یۆرۆ وەبەرهێنان لە وێستگەکەدا بکرێت.
وەزارەتی وزەی رۆمانیا بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی وەک مەرجێک بەسەر کۆمپانیاکە سەپاندووە، بە جۆرێک کۆمپانیا پابەندە بەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، توانای بەرهەمهێنان بۆ سەرووی 1290 مێگاوات لە کاتژمێرێکدا بەرزبکاتەوە. کە لەو بڕەشدا دەبێت سەرچاوەی 800 مێگاواتی لە وزە نوێوەبووەکان بێت.
وێستگەی مینیتای گەرمایی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، 9 کیلۆمەتر لە دۆری شاری دیڤایە لە ناوەڕاستی رۆژئاوای رۆمانیا. ئەو وێستگەیە لە ساڵی 2019 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و لە ساڵی 2021 لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە، بەڵام وەبەرهێنانی پێویستی تێدا نەکراوە کە هاوتا بێت لەگەڵ پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپا.
کۆمپانیای ماس لە ساڵی 1995 دامەزراوە، وەک کۆمپانیایەکی عێراقی لە دوورگەی کایمان/بەریتانیا تۆمارکراوە، ناوەندی سەرەکی لە عەمانی پایتەختی ئوردنە، ئەو کۆمپانیایە لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و چیمەنتۆ و شیش و کۆنکرێت کاردەکات.