بەهۆی قەیرانی کارەباوە قادرمە کارەباییەکان لە ئەڵمانیا دەوەستێندرێن

"ئامانج لە راگرتنی ئەو قادرمە کارەباییانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبایە"

قادرمەی کارەبایی
قادرمەی کارەبایی

K24 - هەولێر:

بەهۆی دەرهاویشتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی لەسەر گرانبوونی نرخی وزە، بەکارهێنانی قادرمە کارەباییەکان لە بەشێک لە بازاڕەکانی ئەڵمانیا راگیرا.

میگێڵ مۆلینباخ سەرۆکی زنجیرە بازاڕەکانی گالێریا کارستادت کۆفهۆڤ بۆ رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی ئاشکرای کردووە، ئامانج لە راگرتنی ئەو قادرمە کارەباییانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبایە و ئێستا پێویست دەکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی وزە مامەڵە بکەن.

دەشڵێت، کۆمپانیاکەیان لە رێگەی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی رووناکی و راگرتنی قادرمە کارەباییەکان بەکارهێنانی وزەی بەشێوەیەکی سنووردار کەمکردووەتەوە، بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر کڕیاران هەبێت.

بەگەڕخەری ناوەندی بازاڕی ECE ئاماژە بەوەدەدات، لە سەرلەبەیانی زوو و شەوانی درەنگ قادرمە کارەباییەکانیان رادەگرن.

لەلایەکی دیکەشەوە گوتەبێژی کۆمپانیای IKEAـی سوویدی لە ئەڵمانیا دەڵێت، تیمەکانیان کار بۆ ئەوەدەکەن قادرمە کارەباییەکان رابگرن و رێوشوینی دیکە بگرنە بەر تاوەکو بەکارهێنانی وزە کەمتر بکەنەوە.