هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای هەڵەبجە رێگری لە رووماڵی تیمەکانی راگەیاندن دەكەن
"رێگری لە رووماڵی خۆپیشاندانەکان دەکرێت و کامێرای کوردستان24 دەستی بەسەردا گیراوە"

K24 - هەڵەبجە:
ئەمڕۆ جارێکی دیکە خۆپیشاندانی کارمەندە خۆبەخشەکان و دەرچووە دانەمەزراوەکانی کەرتی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکردەوە و هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە رێگریان لە رووماڵی دەزگا مدیاییەکان کرد، لەنێویشیاندا دەستیان بەسەر کامێرای کوردستان24ـدا گرتووە.
ئەمڕۆ یهكشهممه 4ی ئەیلوولی 2022، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، رێگری لە رووماڵی دەزگا راگەیاندنەكان کرا کە رووماڵی خۆپیشاندانی کارمەندە خۆبەشەکان و دەرچووە دانەمەزراوەکان کرد.
لەوبارەیەوە رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گهشهپێدان، بە توندی ئیدانەی ئەو رێگریکردنە دەکات و ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور چهندین پێشێلكارییان له دژی رۆژنامهنووسان ئەنجامداوە، لەوانەش:
- رێگریکردن لە دەزگاکانی راگەیاندن لە رووماڵی راستهوخۆی خۆپیشاندانەکان.
- کامێرا و مۆبایلی پەخشی راستەخۆی کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن دەستیان بەسەرداگیراوە، لەنێویاندا، کامێرای تیمی راگەیاندنی دامەزراوەی کوردستان24.