ئێران ئاماده‌یه سه‌رچاوه‌ی وزه بۆ ئه‌وروپا دابینبكات

K24 – هه‌ولێر:
ئێران ئاماده‌یی خۆی نیشاندا ئه‌گه‌ر هاتوو سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبگیرێت، سه‌رچاوه‌ی وزه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا دابینبكات، كه به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه چاوه‌رێی زستانێكی سه‌خت ده‌كات.
ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، كاتێك سزا ئابوورییه سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبگیرێت، ئه‌وا تاران ده‌توانێت پێداویستی ئه‌وروپا له نه‌وت و گاز پڕبكاته‌وه، كه ئێستا به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه رووبه‌رووی كێشه‌ی سووته‌مه‌نی بووه‌ته‌وه.
ئێران به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین وڵاتانی جیهان بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز داده‌نرێت و خاوه‌نی دووه‌م گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی گازی سروشتییه له دوای رووسیادا.
له ئێستادا هه‌نارده‌كردنی گازی سرووشتی ئێران ته‌نها بۆ عێراق و توركیا سنوورداره، بۆ زیاتر گه‌شه‌پێدانی ئه‌م كه‌رته‌ش پێویستی به بوژانه‌وه و به‌هێزكردنی ژێرخان و زیادكردنی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنان هه‌یه.
وڵاتانی ئه‌وروپا له‌به‌رده‌م نیگه‌رانییه‌كی زۆردان، كاتێك به‌ره‌و وه‌رزی سه‌رما وسۆڵه‌ی زستان ده‌چن، به‌هۆی مه‌ترسی به‌رده‌وامبوونی راگرتنی هه‌نارده‌كردنی گازی سرووشتی له‌لایه‌ن رووسیاوه، له ئه‌نجامی سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه.