مه‌راسیمی رۆژی نیشتمانی سعوودیه له هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو

K24 – هه‌ولێر:
مه‌راسیمی 92هه‌مین ساڵیادی رۆژی نیشتمانی شانشینی عه‌ره‌بی سعوودیه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و سعوودیه‌ش جه‌ختیان له‌به‌هێزكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و ریاز كرده‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (23ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له به‌رپرسانی باڵای حكومی و حزبی و نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی سعوودیه، مه‌راسیمی رۆژی نیشتمانی سعوودیه كه له‌لایه‌ن كونسڵخانه‌ی گشتی ئه‌و وڵاته له هه‌رێمی كوردستان رێكخرابوو، له شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی حكومه‌تی سعوودیه له پاراستنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه و هاوكاریكردنی هه‌رێم له حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له ئاواره‌كان به‌رز ده‌نرخێنێت و داوا له وه‌به‌رهێنه‌رانی سعوودی ده‌كات له هه‌رێمی كوردستان كاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن.
له‌میانه‌ی گوتارێكدا رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به وه‌كاله‌ت، به نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خوێندیه‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی كرانه‌وه به‌رووی وڵاتانی ناوچه‌كه و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و قوڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كی و مێژووییه‌كانی ده‌دات له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتی، بوونی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی سعوودیه له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵگه‌ی سووربوونی ریازه بۆ توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.
سه‌باره‌ت به رۆڵی شانشینی عه‌ره‌بی سعوودیه له ناوچه‌كه، رێبه‌ری ئه‌حمه‌د گوتی، هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی سعوودیه ده‌كات له‌پێناو پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه و ئاماده‌یی هه‌ولێریشی دووپاتكرده‌وه بۆ هه‌ماهه‌نگی ئه‌و بابه‌تانه‌ی جێ گرنگیپێدانی هاوبه‌شی هه‌ردوولان.
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به وه‌كاله‌ت رووونیكردهوه هه‌رێمی كوردستان و شانیشنی عه‌ره‌بی سعوودییه په‌یوه‌ندییه‌ی به‌هێز به‌یه‌كیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه له‌ژێر ئاراسته و سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی و شا سه‌لمان بن عه‌بدولعزیز، پادشای سعوودیه و شازاده‌ی جێ‌نشین، محه‌ممه‌د بن سه‌لمان، و ئاماژه‌ی به دواهه‌مین سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ وڵاتی سعوودیه، باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ به‌هێزی په‌یوه‌ندی دۆشتانهی نێوان هه‌ردوولا.
له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ستایشی رۆڵی سعوودیه‌ی كرد له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بیری توندوتیژی كه بووه‌ته هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگه له هه‌موو شوێنێك.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی ته‌واوی خۆی بۆ نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی سعوودیه له هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه و داواشی له وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌و وڵاته كردووه له هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامبده‌ن به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا.




