مەترسییەکان لە داکەوتنی ئابووری نرخی نەوتی دابەزاند

K24 - هەولێر

نرخی نەوت لە دوایین مامەڵەکانی هەفتانەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ کەمترین ئاستەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دابەزی، هۆکارەکەشی بەهێزبوونی پێنوێنی دۆلارە بۆ بەرزترین ئاستی دوو دەیەی رابردووی، بە جۆرێک بڕیارەکەی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا ئابووری چەندین وڵاتی زلهێزی لە لێواری داڕمان نزیککردووەتەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە دوایین مامەڵەکانیدا 4.19% نرخەکەی لەدەستدا و بۆ 86.65 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە دوایین مامەڵەکانیدا بە رێژەی 4.78% بۆ 79.43 دۆلار دابەزی.

لە سەر ئاستی هەفتانەش نرخی نەوتی خاوی برێنت 3.78% و نەوتی سووکی تێکساس 5.37% نرخەکانیان لەدەستدا.

هۆکاری سەرەکی ئەو داکەوتنە بەرچاوەش بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوو لەلایەن بانکی ئەمەریکا بە بڕی 75 خاڵی سەرەکی دێت، کە بەهۆیەوە مەترسییەکانی سستبوونەوە و داکەوتنی گەشەی ئابووری لە هەڵکشانە.

Fly Erbil Advertisment