له پاریس و 200 ناوچه‌ی فه‌ره‌نسا دژی گه‌ڵاڵه‌یه‌كی ماكرۆن خۆپیشاندانه
K24 – هه‌ولێر:
له پاریس و زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌كانی فه‌ره‌نسا هاووڵاتیان بۆ زیادكردنی كرێی كار و له دژی زیادكردنی ساڵی خانه‌نشین بوون خۆپیشاندانیان ده‌ستپێكرد.
وه‌زیری كاری فه‌ره‌نسا، ئولیڤییه دوسبۆت، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، سووره له‌سه‌ر چاكسازی له وڵات و ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی(په‌رله‌مان) ده‌نگ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له حكومه‌ت بدات، دوور نییه په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه.
وتیشی: له كاتێكدا هه‌موو به‌رهه‌ڵستكاره‌كان كۆبوونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له حكومه‌ت گه‌ڵاڵه بكه‌ن، هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به گفتوگۆ له باره‌ی یاسای نوێی خانه‌نشینی ده‌كرێت.
له ده‌ستپێكی ساڵی خوێندنه‌وه، ئه‌مڕۆ له سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی فه‌ره‌نسا 200 خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی هاووڵاتیان رێكخران.
له پاریسی پایته‌ختدا، ده‌یان هه‌زار كه‌س روویان له گۆڕه‌پانی باستیل كردووه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌یان بگه‌یه‌نن.
پێشتر ماكرۆن به‌ڵێنی دابوو، ماوه‌ی ساڵانی خزمه‌ت و خانه‌نشینی به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵام له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر بووه‌وه و ناچار پاشه‌كشه‌ی له هه‌وڵه‌كه‌ی كرد.
سه‌ره‌ڕای هۆشدارییه‌كان، ماكرۆن داوای له حكومه‌ته‌كه‌ی كردووه، ساڵی خانه‌نشینی له 62 ساڵه‌وه زیاد بكات بۆ 64 یان 65 ساڵی و له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا كاری پێ بكرێت.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس