بزووتنەوەی ئیسلامی: بۆ پاراستنی مەرکەزیەت و مێژوومان هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرینەبەر

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان - 3/10/2022
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان - 3/10/2022

K24 – هەولێر

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەی دەڵێت: رابەری بزووتنەوە شەرعییە و بۆ پاراستنی شکۆ، مەرکەزیەتی و مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی، هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرێتەبەر.

عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "چەند کەسێک کە نەیانتوانیوە متمانەی کۆنگرەی 12 بەدەستبێنن و بە دەستلەملانێ لەگەڵ کەسانێک لە مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی هەمیشە سەرقاڵی دووبەرەکی بوونە لەناو ریزەکانی بزووتنەوەدا، جارێکی دیکە هەوڵی لێکترازان و دووبەرەکیان دایەوە لەناو ریزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان".

گوتیشی: "ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 لە رووی شەرعی و یاسایی و سیاسییەوە قبوڵکراوە و کۆتایی پێهاتووە، ئەوانەی ئێستا بە بزووتنەوەی ئیسلامی رازی نین، رێگایەکە خۆیان هەڵیانبژاردووە، دۆخی بزووتنەوەی ئیسلامی سەقامگیرە و هەموو رێگایەکی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆ، مێژوو و مەرکەزیەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان".

ئەو گوتانەی گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شوورای حزبەکەیان بوو، دوای ئەوەی دوێنێ 2/10/2022، باڵێكی ئه‌و حزبه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی كامیلی حاجی عه‌لی، خۆیان وه‌ك جێگره‌وه‌ی فه‌رمی بزووتنه‌وه‌کە‌ ناساند.