تورکیا سنووری پێنجوێن بۆردوومان دەکات

دیمەنێکی ناوچەکە لە دوای بۆردوومان
دیمەنێکی ناوچەکە لە دوای بۆردوومان

K24 – سلێمانی

تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چەند جارێک سنووری قەزای پێنجوێنی بۆردوومان کرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە سنوورەکە رایگەیاند، کەمێک تورکیا دەوروبەری گوندی (بادانە)ی سەر سەر بە قەزای پێنجوێنی بۆردوومان کردووە و بۆردوومانەکە لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە.

گوندنشینێکی ناوچەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە ئاگر و دوکەڵێکی زۆر دروست بووە، چەند رۆژێکیشە دوودڵی و نائارامی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروستکردووە.

 گوندی بادانە سەر بە ناحیەی پێنجوێنە و پێنج کیلۆمەتر لە گوندی شێخەڵمارێنەوە دوورە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی تورکیا دوو چەکداری پەکەکەی تێدا کوژراو و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

چەند رۆژێکە تورکیا بەردەوام سنووری قەزای پێنجوێن و چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات.

هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز-ی سەر بە قەزای پێنجوێن بە کوردستان24ی گوت: "سێ رۆژە سنوورەکەمان بۆردوومان دەکرێت، ئەو گوندانەی کەوتوونەتە بەر بۆردوومانەکە بریتین لە: بادانە، سوێرە، کانی ماران، تائێستا زیانی گیانی نەبووە، بەڵام خەڵک لە رەوشێکی ناسەقامگیر و دڵەڕاوکێدایە".

گوتیشی: "لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەردەوام چاودێری ناوچەکە دەکرێت، بۆردوومانەکانیش هەر لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە".

سەبارەت بە دەنگۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکە بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز دەڵێت: "ئەو هێزانەی باسیان دەکرێت بنکە و بارەگایان لێرە نییە، هێزی گەڕۆکن رەنگە بەم ناوچانە هاتووچۆ بکەن، بەڵام بنکە و بارەگایان لێرە نییە".