وەزیری ناوخۆ: بەشداریی کارامان لە لیژنەی باڵای کۆنترۆڵکردنی چەک لە عێراق هەیە

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیی هەماهەنگییە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رادەگەیەنێت، هاوکات جەخت لە بەردەوامیی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵەکانی عێراق (واع) بەردەوامیی هەماهەنگیی هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە دۆسیە ئەمنی و هەواڵگرییەکاندا دووپات کردەوە.

رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ بەغدا بەردەوامە، بەتایبەتی دوای تەواوبوونی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵی و دەنگدان بە وەزیرەکانی ناوخۆ و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق". هەروەها جەختی کردەوە، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی فیدراڵیدا هەیە.

سەبارەت بە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک، وەزیری ناوخۆ باسی لەوە کرد، پرۆسەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردن و رێکخستنی چەک لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسایەکی تایبەت بەردەوامە، ئەمە جگە لە بەشداریی کارای هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای کۆنترۆڵکردنی چەک لەسەر ئاستی عێراق.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازیی نێوان هەولێر و بەغدا قۆناخێکی باشی بڕیوە، بەتایبەتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروست بووە. هەردوو لا چەندین ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان پێک هێناوە و دوو لیوای هاوبەشیشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش دروست کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردووەوە هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ دەستبەسەرداگرتن و رێکخستنی چەکی بێمۆڵەت دەست پێ کردووە. وەزارەتی ناوخۆ چەندین بنکەی بۆ تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان کردووەتەوە و مۆڵەتی دیاریکراوی بۆ رادەستکردنی چەکە قورس و مامناوەندەکان داناوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی تاوان و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە سەیر دەکرێت، هەروەها هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا.