سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا: کاتی ئەوەیە نرخی وزەی رووسیا سنووردار بکەین
"لەسەدا نەوەدی کۆگاکانمان پڕ کردوون لە گاز"
K24 - ههولێر:
لوتکەی کۆمەڵەی سیاسی یەکێتی ئەوروپا لە پراگ کۆتاییهات، 44 وڵات بەشداری لوتکەکە بوون، سیاسەت و ستراتیژێکی هاوبەشیان بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانی وزە کە بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە دروستبووە داڕشت.
ئۆرسۆلا ڤۆندێرلەین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، لەسەدا نەوەدی کۆگاکانمان پڕ کردوون لە گاز، رێژەی پشت بەستن بە وزەی رووسیا لەسەدا 41ەوە بۆ لەسەدا 7.5 دابەزیوە و کاتی ئەوەیە نرخی وزەی رووسیا سنووردار بکەین.
سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا گوتیشی: ئەم کۆبوونەوەیە بە پوتنی نیشاندا کە ئەوروپا سوورە لەسەر ئەوەی باجی داگیرکارییەکانی لە ئۆکرانیا بدات و هاوکارییەکانیشمان بۆ ئۆکرانیا بەردەوام دەبن و تا ئێستا 19 ملیار یۆرۆ هاوکاری ئۆکرانیامان کردووە بێجگه له هاوکارییە سەربازییەکان. دهشڵێت: ئێستا لەهەموو کات زیاتر ئامادەین بۆ زستان، پێش دەسپێکی جەنگ لەسەدا 41ی گازمان لەرووسیاوە دەهات ئێستا تەنیا لەسەدا 7.5 بزانن چەندە پشت بەستن بەوزەی رووسیا کەمیکردووە؟ تا ئێستا کۆگاکانی گازمان بەرێژەی لەسەدا 90 پڕبوون، واتە بەبەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا 15 زیادیکردووە.
هەرچەند سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێ هەر 44 وڵاتی بەشداری لوتکەکە لەسەر ئەم بریارە رێککەوتن و هەفتەی داهاتووش وردەکارییەکەی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ناکۆکی لەنێوان وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دروستبووە و هەمووان کۆک نین.
ڤۆلۆدیمێر زێڵینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە رێگەی ڤیدیۆ لینکەوە بەشداری لوتکەکە بوو، داوایكرد گوشاری زیاتر بخرێتەسەر کەرتی وزەی رووسیا و رایگهیاند، "پێویستە لەسەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بین کە ئاراستەی زیاترکردنی گوشارەکانە بۆسەر سێکتەری وزەی رووسیا، چونکە ئەم سێکتەرە بووەتە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی رووسیای دەستدرێژیکار بۆسەر وڵاتەکەمان."
جیالە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا 17 وڵاتی دیکە بەشداری لوتکەکە بوون، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش دهڵێت: قەیرانی خۆراک و وزە تەنیا کاریگەری لەسەر ئێمەوە نەبووە تاوەکو بهتهنها ئەوروپا وەڵام بداتەوە. دهشڵێت: پێویستە گوشارەکانمان لەسەر کرێملن زیاتر بکەین، نەک تەنیا یەکێتی ئەوروپا، بەڵکو وڵاتانی دیکەش گۆشارەکانیان لەسەر رووسیا زیاتر بکەن، چونکە قەیرانی وزە و خۆراک کە لە جیهان دروستبووە بەهۆی داگیرکارییەکانی رووسیاوە کاریگەری تەنیا لەسەر ئەوروپا نەبووە بەڵکو لەسەر هەموو جیهان هەبووە.