کۆنترۆڵی ناتانیاهۆ و پارتەکەی بەسەر کنێست کۆتایی هات

پەرلەمانتارانی ئیسرائیل، سەرۆکێکی نوێیان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان (کنێست) لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی بنیامین ناتانیاهۆ هەڵبژارد، ئەمەش وەک یەکەم هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی رابردوو سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ مانەوە لە دەسەڵات.

نووسینگەی گوتەبێژی کنێست رایگەیاند، ئەو پارتانەی پشتگیری لە گادی ئایزنکۆت، رکابەری سەرەکیی ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمدا دەکەن، دەنگیان بە هەڵبژاردنی مەتان کەهانە وەک سەرۆکی کنێست داوە، کە تێیدا 66 پەرلەمانتار دەنگیان پێداوە، لە بەرامبەردا 52 پەرلەمانتار دەنگیان بە کاندیدێکی دیکە داوە.

مەتان کەهانە کە ئەندامی پارتی "یاشار"ـی راستڕەوی میانڕەوە بە سەرۆکایەتیی ئایزنکۆت، شوێنی ئامیر ئۆهانای سەر بە پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ دەگرێتەوە. کەهانە لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا گوتی: "کنێستی ئیسرائیل ماڵی هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیلە، بەنیازم ببمە سەرۆکی هەمووان."

پەرلەمانی ئیسرائیل لە یەک ژوور پێکدێت کە کنێستە و 120 کورسی لەخۆدەگرێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش پۆستێکی بەهێزە و هەژموونێکی زۆری هەیە، لەوانە دیاریکردنی ئەو یاسایانەی دەخرێنە دەنگدانەوە.

بەم هەنگاوە، کەهانە دەتوانێت کار بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایانە بکات کە لای هاوپەیمانییەکەی ئایزنکۆت و پارتە پشتگیرەکانی دیکە لە پێشینەن، لە هەوڵەکانی ئەو جەنەراڵەی پێشوودا بۆ بوون بە سەرۆکوەزیران. هەروەها نۆ جێگری کاتی بۆ سەرۆکی کنێست دیاریکران کە لە نێویاندا ئەحمەد تیبی و وەلید تەها هەن، سەرەڕای دیاریکردنی ئەندامانی بەرەکەی ئایزنکۆت بۆ سەرۆکایەتیکردنی چەندین لیژنەی سەرەکیی پەرلەمان.

پرۆژەیاساکانی بەرەی ئایزنکۆت ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:

- پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، کە ناتانیاهۆ دژایەتی دەکات.
- دانانی سنوور بۆ ماوەی ویلایەتی سەرۆکوەزیران.
- هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی حکوومەتەکەی پێشووی ناتانیاهۆ دەریکردبوون، کە -

رەخنەگران پێیانوایە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەرییان سنووردار کردووە.لە بەرامبەردا، پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ رەخنەی لەم دەنگدانە گرت و رایگەیاند، پەرلەمانتاران کەهانەیان "بە دەنگی لایەنگرانی تیرۆر" هەڵبژاردووە.

ناتانیاهۆ بە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن هێرشی دەکردە سەر ئەو پارتانەی لەلایەن عەرەبەکانی ئیسرائیلەوە سەرۆکایەتی دەکرێن و بە "هەڕەشەی وجوودی بۆ سەر ئیسرائیل" ناوی دەبردن، کە ئەو پارتانەش ئەو لێدوانانەیان بە "رەگەزپەرستانە و جیاکاری" وەسف کرد.

پەرلەمانی نوێی ئیسرائیل لە 10ـی تشرینی دووەم سوێندی یاسایی خوارد بێ ئەوەی حکوومەتی نوێ پێکبهێنرێت، ئەمەش دوای هەڵبژاردنە گشتییە یەکلانەکەرەوەکەی 27ـی تشرینی یەکەم کە ناتانیاهۆی لە زۆرینە بێبەش کرد، بەڵام رێگەیەکی روونیشی بۆ رکابەرە سەرەکییەکانی نەکردەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.