گەورەترین پردی رووسیا تەقێندرایەوە
K24 - مۆسكۆ:
لە 227ـهمین رۆژی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پردی کریمیا کە 19 کیلۆمەتر درێژە و هەرێمی کریمیا دەبەستێتەوە بەرووسیاوە تەقێندرایەوە.
بەیانی ئهمڕۆ شهممه (8ـی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهر)ـی 2022، تەقینەوەیەک لەسەر پردی کریمیا کە رووسیا و هەرێمی کریمیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە روویدا، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، بەشێکی پردەکە داڕماوە، لە چرکەکانی یەکەمی رووداوەکە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا هاتووەتە سەرهێڵ و حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لەسەر رووداوەکە.
لیژنەی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر تەقیوەتەوە و دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە بۆ ئهوهی بزانن چۆن ئەو ئۆتۆمبێلە سەرجەم ئامێر و خاڵەکانی پشکنینی تێپەراندووە و گەیشتووەتە سەر پردەکە، هاوکات کاردەبەستانی رووسیا بەڵێنیاندا بەخێرایی پردەکە چاک بکەنەوە.
کۆمیتەی بەدواداچوونی رووسیا دەڵێت: بەهۆی تەقینەوەکەی سەر پردی کریمییا سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، تەرمی ژن و پیاوێک لەناو دەریا دەرهێنراونەتەوە، گەران بەدوای تەرمی قوربانییەکەی تردا بەردەوامە
سەرۆکی پەرلەمانی کریمیا، ڤلادیمێر کەنستانتینۆڤ، بۆ میدیاکان ئەوەی خستووەتەڕوو كه "تێکدەرەکانی ئۆکراینا" لە پشت تەقاندنەوەی پردی کریمیان، بە گوتەی ناوبراو زیانەکان زۆر نین و بەپەلە ناوچە وێرانکراوەکان نۆژەن دەکرێنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی یەکێتی بیمەی سەرتاسەری ڕووسیا، زیانەکانی تەقینەوەکەی سەر پردی کریمیا بە نزیکەی 500 ملیۆن ڕوبڵ مەزەندە دەکرێت.
هەر پەیوەست بەتەقاندنەوەی پردی کریمیا میخائیل میشوستین، سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا، فەرمانێکی تایبەت بە دروستکردنی لیژنەیەکی حکومی واژۆ کرد و مەرات خوسنولین جێگری سەرۆک وەزیرانی وەک وەک سەرۆکی لیژنەکە دەستنیشانکرد.
میخائیل پەدەلیاک، راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکراینا لە تویتەرەکەیدا، نووسیویەتی: سەرەتا دەبێت هەموو شتێکی نایاسایی لەناوببرێت، هەموو دزراوەکان و شوێنە داگیرکراوەکان دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ ئۆکراینا، دەبێت رووسیا دەربکرێت.
بەهۆی تەقاندنەوەی پردی کریمیا ژمارەیەکی خەڵک و ئۆتۆمبێل لە هەردوو لا گیریان خواردووە، ئاکسینۆڤ سەرۆکی کریمیا رایگەیاندووە، شوێنی نیشتەجێبوونی پشوودەران لە سەناتۆری و هۆتێلەکانی کریمیا لەسەر حیسابی حکومەت درێژ دەکرێتەوە.
کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئاماژە بەوە دەکەن، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پاس لە کریمیاوە بۆ وڵاتی رووسیا هەڵوەشاوەتەوە و هێڵی ئاسنی رووسیا رایگەیاند، فرۆشتنی بلیتی قیتارەکان بۆ کریمیا و گەڕانەوەیان ڕاگیراوە.
ڤیچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری هەرێمی بێلگۆرەد رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا تەقەیان لە گوندی بیریوچ لە ناوچەی سڤیل نشینی ڤالویسکی کردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کچێکی تەمەن 16 ساڵ بریندار بووە.
پردی کریمیا، درێژترین پردی رووسیایە، درێژییەکەی 19 کیلۆمەترە و لە سالی 2015 دەستکرا بە دروستکردنی و لە سالی 2019 لە لایەن ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی رووسیا کرایەوە، ئەمرۆ لە تەقینەوەیەکدا زیانی زۆری پێگەیشتووە و سەرجەم جوڵەکانی سەری وەستێندرا.