کرێکارانی جیهان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانی: لەگەڵتانین
K24 – هەولێر
کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یەکێتییەکانی کرێکاری، ئەنجوومەنی راوێژکاری یەکێتییەکانی کرێکاری و فیدراسیۆنەکانی یەکێتی جیهانی، لە بەیاننامەیەکدا سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێرانیان "بەتوندی" سەرکۆنە کرد.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بڵاویان کردەوە کە تەواوی بزوتنەوە نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی کرێکاران، "رێز لە خەڵکی زۆر بوێری ئێران دەگرن کە لە بەرامبەر سەرکوتی دڕندانەی بەرپرسانی حکومەتی ئایینی ئیران وەستاون".
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەرگری لە لایەن ژنان و کچانێکەوە رێبەرایەتی دەکرێت کە دەیانەوێ کۆتایی بە دژایەتی ژن و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان بێنن".
شاران بارۆ، سکرتێری گشتیی کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یەکێتییەکانی کرێکاری، رایگەیاندووە، "هەر بژین و لە لای ئێوە وەستاوین".
خاتوو بارۆ، دەستگیرکردنی چالاکانی کرێکاری لە ئێران، بە هەوڵێکی "ترسنۆکانە" بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و تووڕەیی کۆمەڵگەی ئێران و تۆمەتبارکردنیان بە بوونی "دەستی دەرەکی"، ناوهێناوە.
هاوکات ستیڤ کاتین، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتییەکانی جیهانی و سکرتێری گشتیی کارێکارانی گواستنەوە، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ: کارێکارانی ئێران و خوشک و براکانیان لە تەواوی جیهان، راستییەکە دەزانن".
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، "چەندین چالاکی کرێکاری لە ئێران، بە هۆی پشتگیری لە مافی کرێکاران دەستگیر کراون. ئێمە داوای ئازادکردنی چالاکان و ئەو کەسانە دەکەین کە بە ناحەق لە زیندانەکانی ئێراندان".