پۆلیسی هەولێر شۆفێری ئامبوڵانسێك بە مەستی دەستگیردەکەن
ئامبوڵانسەکەی بردووە و هەڵاتووە و دواتر بە مەستی دەستگیرکراوە
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، شۆفێرێکی پێشووی فەرمانگەی تەندروستی (کۆنترۆڵی 122) دەستگیرکرا کە ئامبوڵانسێکی بردووە و هەڵاتووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە کەوا لە فەرمانگەی تەندروستی (کۆنترۆڵی 122) شوفێرێک کە پێشتر کارمەند بووە بەناوی (و. ا. ص) ئامبۆڵانسێکی بردووە و هەڵاتووە، دەستبەجێ دەستیان بە بەدواداچوون کرد و توانییان لە شەقامی (100 مەتری) نزیک نەخۆشخانەی رزگاری دەست بەسەر ئامبۆڵانسەکەدا بگرن و شوفێرەکەشی دەستگیر بکەن.
ئاماژە بەوەشدرا، تۆمەتبارەکە کە بڕێکی زۆر لە ماددە کحولییەکانی بەکارهێنابوو، بەمەبەستی گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، رادەستی بنکەی پۆلیسی سەروەران کرا